کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توورەج ئەسڵانی خەڵاتی برونزی گەورەترین فێستیڤاڵی وێنەگرانی جیهانی بەدەست هێنا

13:23 - 15 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: وێنەگری کورد توورەج ئەسڵانی بۆقی برونزی باشترین وێنەگری٢٠مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی پلووس کامێرا ئیمەیجی بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەسڵانی بە دوو فیلمی سینەمایی، وەرزی کەرکەدەن و فیلمی سینەمایی بوغز واتە کوڵی گریان لە دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی رەزا دورمیشیان لە بیستەمین خولی فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی پلووس کامێرا ئیمەیج کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەکیی فیلمە سینەماییەکانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە بوو.
ئەم وێنەگرە کوردە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی بۆقی برونزی باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی پلووس کامێرائیمەیج PLUS CAMERA IMAGE لەگەڵ ١٢ وێنەگری بە ئەزموون و بە ناوبانگی سینەمای جیهان لە رکابەریدا بوو.
توورەج ئەسڵانی پێشتریش خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەکیی شەستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا و خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین ئاسیا پەسیفیک (APSA) ناسراو بە ئوسکاری ئاسیایی لە وڵاتی ئوسترالیای بەدەست هێنابوو.
فێستیڤاڵی پلووس کامێرا ئیمەیج کە یەکێک لە گرینگترین و تەنیا فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی هونەری وێنەگرتن لە ئاستی دنیا دێتە ئەژمار، هەموو ساڵێک بە ئامادە بوونی وێنەگرانی بەرچاو و بە ئەزموونی سەرتاسەری جیهان لە شاری لودز لە وڵاتی پۆڵەند بەڕێوە دەچێت.
ئەسڵانی ساڵی ٢٠٠٩ی زایینیش بە فیلمی دێکۆمێنتی چە سرسبز بود درە ما لە دەرهێنانی فریشتە جوغەتایی کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی دێکۆمێنتاری حەڤدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی پلووس کامێرا ئیمەیج کرابوو.