کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تووشبوویەکی کۆرۆنا بەهۆی تەواوبوونی کەپسوولی ئۆکسیژێن گیانی لەدەست دا

17:39 - 29 رەزبەر 2720

تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێران و کوردستان زیاد دەکات و کاربەدەستانی ڕێژیم نەک هەر هیچ کارێک بۆ ئەم نەخۆشانە ناکەن، لە ئاست دەرمان و پێشگرتن بە زیاتر تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە زۆریش کەمتەرخەم بوونه.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، لە بەشێک لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان کە تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنایە، هیچ بەربەست و ڕێوشوێنێکی تەندروستیی پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی سەردانی ئەو بەشە دەکەن نییە و خەڵک زۆر بە ئاسایی هاتوچۆ دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، تێست وەرگرتن بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا لەگەڵ ئەوەیکە تێچوویەکی زۆری دەوێت لە ئێستادا بەو تێچووە زۆرەش ڕێگە نادەن کەس ئەو تێستە بگرێت، هۆکاری ئەو ڕێگرییەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ڕێژەی تووشبووان زۆر زیادی کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی مەریوان تووشبوویەکی کۆرۆنا بەهۆی ئەوەی کە کەپسوولی ئۆکسیژێنی تەواو بووه گیانی لەدەست داوە.