کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تویتێر لە داخستنی ئێکاونتی تێرۆریستەکان بەردەوامە

11:33 - 22 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، ئێکاونتی ڕێبەری گرووپی "ئەلعەسائێبـ"ـی عێراق و چەند ئێکاونتێکی دیکەی تەلەویزیۆنەکانی سەر بە ئێرانی داخست.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی سەرماوەز، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، ئێکاونتی "قەیس خەزعەلی"، ڕێبەری گرووپی میلیشیای "عەسائب ئەهل ئەلحەقـ"ـی عێراق کە لەم دواییانەدا چووە لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە، داخست.

شێرکەتی تویتێر، هیچ شیکردنەوەیەکی سەبارەت بەو بڕیارەی نەدا و تەنیا بە دانانی پەیامێک بە ناوەڕۆکی ئەوەوە کە ئەو ئێکاونتە داخراوە، ڕازی بووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەم دواییانەدا، گەمارۆی لەسەر ٤ ئەندامی بەرپرسی عێراقی کە لە سەرکوتی خۆپیشاندەراندا دەستیان هەبووە، داناوە کە یەک لەو چەند کەسە "قەیس خەزعەلی" بووە.

تویتێر پێشتریش ئێکاونتی ئەو کەسانەی کە کەوتبوونە لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە و تاوانی تێرۆریستبوونیان لەسەر بووە، داخستووە.

هەر لەو پەیوەندییە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، "یووتیووب" بۆ چوارەمین جار لاپەڕەی ئینگلیزیی "پرێس تیڤی" و لاپەڕەی ئسپانیایی "هیسپان تیڤیـ"ـی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت داخست.