کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تویتێر هەژماری خامنەیی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەنیمەیشنی کوشتنی "ترامپ" بۆ هەمیشە داخست

11:24 - 26 بەفرانبار 2721

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بۆ جاری دووەم تویتێر یەکێک لە هەژمارەکانی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بۆ هەمیشە داخست.

بەپێی ڕاپۆرتی بەشی "مانیتوریگیی بی بی سی"، ئەو هەژمارەی خامنەیی لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەنیمەیشنێک داخراوە کە لەودا "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ئامریکا لە تۆڵەی کوژرانی "قاسم سلێمانی"  دەکوژرێت.

یەکێک لە وتەبێژەکانی تویتێر بە بەشی "مانیتورینگی بی بی سی" وتووە کە ئەو هەژمارە بۆ هەمیشە ڕاگیراوە. تویتێر لە پێشدا ئەو ئەنیمەیشنەی لەسەر تویتێرت "خامنەیی" سڕیبووەوە پاشان بڕیاری دابوو ئەو هەژمارە بۆ هەمیشە دابخات.

ئەو تویتە هەڵگری ڕاگواستنی قسەکانی "عەلی خامنەیی" بووە کە هەڕەشەی تۆڵەی لە "ترامپ" و بەرپرسانی کوشتنی قاسم سلێمانی کردووە.

بەشێک لە بەرپرسانی ئامریکا ڕەخنەیان گرتبوو کە تویتێر ئیزنی بڵاوکردنەوەی ئەو توویەتەی بە ڕێبەری ڕێژیمی "تاران" داوە، لە حاڵێکدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئامریکا لە دەسپێڕاگەیشتن بەو تۆڕە بێبەشن.