کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تویتێر ١٣٠ ئێکاونتی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی سڕییەوە

10:54 - 10 رەزبەر 2720

تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی فێدراڵی ئامریکا (ئێف بی ئای) هاوکات لەگەڵ یەکەمین دیبەیتی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا، نزیک بە ١٣٠ ئێکاونتی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی سڕیوەتەوە.

تویتێر باسی لەوە کردووە کە ئەو ١٣٠ ئێکاونتە ویستوویانە لە ڕەوتی دیبەیتی بەربژێرەکانی سەرکۆماریی ئامریکا و هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا دەستێوەردان بکەن.

هەروەها لەوبارەوە تویتێر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئێکاونتەکان بەخێرایی سڕدرایەوە نەیانتوانی شوێندانەرییەکی ئەوتۆ لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا دابنێن.

تویتێر وێڕای سپاس لە "ئێف بی ئای" وتوویەتی: "لەوبارەوە ئێمە هۆشیار و ئامادەین".

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان، شورای تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا ڕایگەیاندبوو، ڕێژیمی ئێران بۆ شوێندانەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئامریکا، زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانەیان لە ئینتێرنێت بڵاو کردووەتەوە.