کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توییتی خامنەیی، گومانەکانی لەسەر دووپاتبوونەوەی خواردنی جامی ژەهرێکی دیکەی زیاد کردووە

12:58 - 20 بانەمەڕ 2720

''عەلی خامنەیی''، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ''ئیمام حەسەن'' لە تویتێری خۆیدا دەستەواژەیەکی لەبارەی ئاشتیی ئەو ئیمامە لەگەڵ "مەعاوییە" بڵاو کردووەتەوە کە گومانەکانی لەسەر پاشەکشەی ناوبراو لە بەرامبەر گوشارەکانی ئامریکا و دووپاتکردنەوەی "نەرمیشی قارەمانانە" زیاد کردووە.

لەم توییتەدا خامنەیی وتوویەتی، من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئیمام ''حەسەنی موجتەبا'' بوێرترین کەسایەتیی مێژووی ئیسلامە، ناوبراو ئامادە بوو کە خۆی و ناوی خۆی لە نێوان دۆستە نزیکەکانی، فیدای بەرژەوەندییەکی ڕاست بکات و بۆ ئاشتی هەنگاو بنێت، لەبەر ئەوەی کە چاوەدێریکردنی ئیسلام و پاراستنی قورئان و ڕێنەماییکردنی بەرەکانی داهاتووی مێژوو لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدات.

ئەوە لە حاڵێکدایە لە ساڵی ٢٠١٣، کاتێک کە خامنەیی باسی نەرمیشی قارەمانانە و ئاشتیی ئەیمام حەسەن دەکرد، ئێران لەگەڵ سزای قورسی ئابووری لە ئاستی نێونەوتەوەییدا  بەرەوڕوو بوو و خامنەیی ئیزنی بە "حەسەن ڕووحانی" دا ڕێگا بۆ دانوستان لەگەڵ ئامریکا خۆش بکات و دوای دوو ساڵ وتووێژکردن ڕێکەوتننامەی بەرجامیان واژۆ کرد.

ئەم ڕێکەوتننامەیە لە حاڵێکدا بوو کە ڕێژیمی ئێران هەروا درێژەی بە بەرنامەی ناوکی و مووشەکەییەکان و دەستتێوەرانەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە دا، بەڵام دوای ئەوەی کە "دانڵد ترامپ" بوو بە سەرکۆماری ئامریکا، ڕێکەوتنامەی بەرجامی هەڵوەشاندەوە و گەمارۆی قورستر لە پێشوی خستە سەر ڕێژیمی ئێران.

لە ئێستادا ڕێژیمی ئێران لە دژوارترین دۆخی ئابووریدا بەسەر دەبات، هەر بۆیە ئەم توییتەی خامنەیی گومانی ئەوەی لێ دەکرێت کە ڕێژیمی ئێران ناتوانێت چیدیکە لە بەرامبەر ئەو گوشارانە خۆ ڕابگرێت، بۆیە دەیهەوێت لەگەڵ ئامریکا بەرەو دانوستان هەنگاو هەڵبگرێت.