کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تکاب یەکێک لە دواکەوتووترین شارەکانی ئێرانە

18:03 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شارستانی تکاب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە دواکەوتووترین شارەکانی ئێران بەئەژمار دێت.

سەرەڕای قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران و گوشارەکانی سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و بەتایبەت گوشارەکان بۆ سەر چینی هەژار لە ئاکامی گرانی و هەڵکشانی بەهای سەرەتاییترین خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، پاش هەرێمی بەلووچستان، هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی ئێراندا بە دواکەوتووترین هەرێم و ناوچەکانی ئێران ئەژمار دەکرێت و هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ئەو ناوچانەش سیاسەتە داڕێژراوە ئامانجدارەکانی خۆدی ڕێژیمی ئێرانە.

وێڕای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرێمێکی دەوڵەمەندی سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکانی وەکوو ئاو، سووتەمەنی، زێڕ، بەردە زینەتییەکان و هتدە لە ئێراندا، جیا لەوەی کە هەموو کانگاکانی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی زاڵی ئاخوندەکانەوە بە تاڵان دەبرێت، ئەو ڕێژیمە هیچ ئاوڕێک لە بارودۆخی کوردستان ناداتەوە و بەپێچەوانەشەوە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کاولکردنی سروشت و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان دەدات، بەم هۆکارە و بەهۆی زۆرێک لە سیاسەتە گڵاوەکانی ئەو ڕێژیمە لە ئێراندا، کوردستان پاش بەلووچستان بە دواکەوتووترین هەرێمی ئێران بە واتای واقیع پێناسە دەکرێت.

لەم بارەیەوە هەواڵدەریی موکریان، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە شارستانی تکاب لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەیەکێک لە دواکەوتووترین شارەکانی ئێران ئەژمار دەکرێت و لە نێوان دواکەوتووترین شارەکانی ئێراندا لە پلەی۳۱دایە.

لەم پێوەندییەدا "محەمەدمێهدی شەهریاری"، پارێزگاری پارێزگای ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوە، لە سەفەرێکی شانۆییدا و بەمەبەستی خۆنواندن بۆ شارستانی تکاب، ڕایگەیاندووە: شارستانی تکاب لە نێوان دواکەوتووترین شارەکانی ئێراندا لە پلەی۳۱ـەکەمدایە و ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ دەغدەغە و کاری سەرجەم بەرپرسانی پێوەندیدار لە پارێزگای ورمێ و بەتایبەت بەرپرسانی شارستانی تکاب.

شارستانی تکاب، شارستانێکی دەوڵەمەندی کوردستان و سەرتاسەری ئێرانە کە دوو کانگای گەورەی زێڕ لە ناوچەکانی "ئاقدرە" و "زەڕشۆران"، زیاتر لە ۵۰ کانگای گەورەی بەردنما و بەردە زینەتییەکان و زۆرترین کانگاکانی تری تێدایە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا سەرچاوەی کانگاکانی ئەو شارستانە بە تاڵان دەبەن و لە هیچ بوارێکەوە گرینگی بە بارودۆخی ئەو شارستانە و ناوچەکانی نادەن.

شایانی باسە کە تەنیا کانگای زێڕی "ئاقدەرە" لەو شارستانەدا، بە بەرهەمهێنانی  زیاتر لە ۱۱۰ تۆن، گەورەترین کانگای زێڕ لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا ئەژمار دەکرێت.