کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە، کۆمپانیای تۆتاڵ لە کاتێکدا پارسی باشووری بەجێهێشت کە هیچ کارێکی بۆ بۆ پێشکەوتنی فازی ١١ی پارسی باشوور ئەنجام نەدابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "خانەی میللەت" "بیژەن نامدار زەنگەنە"، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "کۆمپانیای تۆتاڵ بە شێوەی فەرمی لە گرێبەست و کاکردن لە پرۆژەی (پارسی باشوور) کشاوەتەوە و زیاتر لە دوو مانگە ڕای گەیاندووە لە ئێران دەکشێتەوە".
ڕۆژنامەی "مەشرق" سەر بە ڕێژیمی ئێران کشانەوەی تۆتاڵی وەک کۆتایی فیلمێکی "زجرآور" وەسف کردووە. لە هەمانکاتدا وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە سەرقاڵی ئامادەکردنی جێگرەوەیەکین بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ لە پرۆژەی پارسی باشووری.
پێشتریش "پاتریک پوویانە"، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای "تۆتاڵ" گوتبووی: " ڕوون نییە کە دەوڵەتی ئامریکا وڵامی ئەرێنی بداتەوە بەو داواکارییەی ئێمە کە چاوپۆشی لە کۆمپانیای تۆتاڵ بکات گەمارۆی ئابووری نەخاتە سەری، هەر بۆیەش لە ئەگەری وڵامی نەرینی ئامریکا ئێمە ناچارین چالاکییە ئابوورییەکانمان لە ئێران هەڵپەسێرین و لەو وڵاتە پچینە دەرەوە".
تۆتاڵ یەکێک لە هەشت گەورە کۆمپانیای نەوتیی جیهانە کەلە ساڵی ١٩٢٤ی زایینییەوە لە لایەن "ئێرنست مرسییر"ەوە دامەزراوە لە بوارەکانی دەرهێنانی نەوت و غاز و بەرهەمهێنانی کارەبا، گواستنەوەی نەوت، پاڵاوگە، دۆزینەوەی بازار بۆ نەوتی خاو و گازی سروشتیدا چالاکە.
کۆمپانیای تۆتاڵ هەتا ئێستا نزیکەی ٤٠ میلیۆن یۆرۆی لە پرۆژەی گەورەی وزە لە ناوچەکانی باشووری ئێران خەرج کردووە و بە کشانەوەی یەکجارەکی لە ئێران و هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانی، بۆشاییەکی گەورە لە بواری نەوت، گاز و وزە بۆ پرۆژەکانی ئێران ساز دەبێت.