کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی "جیابوونەوە" لە ئێراندا جیرەبەندی کرا

11:22 - 6 رێبەندان 2719

نووسینگەکانی تۆمارکردنی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە هەر کام لە پارێزگاکانی ئێراندا ئیزنیان هەیە کە تەنیا ڕێژەیەک لە جیابوونەوەکان تۆمار بکەن کە لە جیرەبەندیی دیاریکراوی پارێزگاکەیاندا جێگە بگرێت.

ڕاگەیاندنی ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاماری جیابوونەوە بووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە جیرەبەندیی ساڵانەی تۆمارکردنی جیابوونەوە لە دەفتەرخانەی هەر پارێزگایەکدا ٢٠ لەسەد زیاتر لە نێونجی ئاماری جیابوونەوەی ساڵی ڕابردوو دیاری کراوە.

ئەم سنوووردارکردنەوەیە تەنیا بۆ دەفتەرخانەکانە نە بۆ خوازیارانی جیابوونەوە و ئەگەر خوازیارانی جیابوونەوە سەردانی دەفتەرخانەیەک بکەن کە جیرەبەندییەکەی تەواو بووە، دەبێ سەردانی دەفتەرخانەیەکی دیکە بکەن.

بەپێی جیرەبەندییەکە، خوازیارانی جیابوونەوە دەتوانن وەکوو ڕابردوو لە یەکتر جیا ببنەوە و ئەم گەڵاڵەیە تەنیا جۆرێک لە دابەشکردنی داهاتە لە نێوان دەفتەرخانەکاندا.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە مانگی جۆزەردانی ٩٨دا لەلایەن هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسدارانەوە سەبارەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ئێراندا بڵاو کرایەوە، ئامارە پێوەندیدارەکان بە ڕێژەی هاوسەرگیرییەکان لە بەرانبەر یەک جیابوونەوەدا نیشاندەری دۆخێکی نالەبار لە ئێراندایە؛ لە ساڵی ١٣٨٧دا لە بەرانبەر ٨ هاوسەرگیریدا، یەک جیابوونەوە تۆمار کراوە کە لە ساڵی ١٣٩٧دا ئەم ژمارەیە کەم بووەتەوە و گەیشتووەتە ٣.١ هاوسەرگیری لە بەرانبەر یەک جیابوونەوەدا".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاماری جیابوونەوە لەم ساڵانەی دواییەدا لە ڕاگەیاندنی ئاماری ڕاستەقینەی جیابوونەوە خۆدەبوێرن.