کوردستان میدیا: ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای سنە، لە پیلانێکی تازەدا، باسی تۆمارکرانی ١١ گوندی ناوچەی هەورامانی لە پێڕستی میللیی ئێراندا کردووە.
موحسێن عەلەوی، بەرپرسی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە: کە گوندەکانی بێساران، تەنگیسەر، نییەر، دەل، دەڵەمەرز، دێوەزناو، ناو، کەلجی، عەباساوا، بڵبەر و کەماڵە، لە ناوچەی هەوراماندا وەکوو ئاسەواری میللیی ئێران تۆمار کراون.
تۆمارکردنی ئەو گوندانە وەکوو بەشێک لە ئاسەوارە میللیەکانی ئێران لە بەرەبەری تۆماری جیهانیی ناوچەی هەوراماندا پیلانێکی دیکەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە تاکوو لەم ڕێگایەوە خاوەنداریەتیی ئەم گوندانە بۆ خۆیان بگەڕێننەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، تۆمارکردنی ئەم گوندانە وەکوو ئاسەواری میللی لە لایەن ڕێژیمەوە بەو مەبەستە بەکار دەچێت، کە پیشان بدەن هەموو خەڵکی ئێران یەک ناسنامەیان هەیە و ئەوە ناسنامەیە ئێرانیبوونە و بەم شێوەیە جەخت لەسەر قەومبوونی نەتەوە بندەستەکانی نێو ئەو سنوورە جوغرافیایییە بکەنەوە.
لە بەرەبەری نەورۆزدا که خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە گوندەکاندا بە شێوەیەکی پڕشکۆ و بە هێما نەتەویییەکانی نەتەوەی کوردەوە بەشداری دەکەن، ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم جۆرە کارانەوە و بەناوی تۆمارکردنی ئەو شوێنانە لە پیڕستی میللیی ئێراندا، هەستی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بەرەو لای ئێرانیبوونی وەلایەتی فەقهیـی ڕابکێشێت.