کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆنێلە بەفرییەکان ڕێگای قوتابخانەی منداڵانە

12:21 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئاوڕ نەدانەوەی ڕێژیم لە ناوچە بێبەشەکان و ڕێگاوبانەکان، دۆخی خوێندنی منداڵانی ئەستەم کردووە.

بە هۆی خراپیی ڕێگاوبان و ئاوڕ نەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لە ناوچە بێبەشەکان لە پێداویستییە سەرەتایییەکان، بارینی بەفر و وەرزی سەرما، هاتووچۆی قوتابییانی تووشی کێشە کردووە و منداڵان بۆ گەیشتن بە قوتابخانەکان دەبێت بە نێو تونێلە بەفرییەکاندا تێبپەڕن.

لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون، سەرەڕای ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم پەروەردەی منداڵان و لاوان لە ناوچە بێبەش و پەراوێزخراوەکان، هیچ هەوڵێک لە پێناو باشترکردنی دۆخی قوتابخانەکان و ڕێگاوبان نادرێت و ڕۆژانە منداڵان بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، "مێهروڵڵا ڕەخشانی مێهر"، سەرۆکی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، ٢٧ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران لە بواری بیناسازییەوە وەک داڕماو ئەژمار دەکرێن.