کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپبارانکردنی کوردستان لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە درێژەی هەیە

12:02 - 28 جۆزەردان 2720

هێرشی سپای تێرۆریستی پاسداران بە تۆپ و کاتیوشا بۆ سەر خاکی کوردستان درێژەی هەیە و لە دووەمین ڕۆژدا سپای پاسداران دیسانەوە دەستی بە تۆپبارانکردنی شاخەکانی کوردستان کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان، جارێکی دیکە سپای تێرۆریستی پاسداران ناوچەی "ئالانە" لە خاکی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردەوە.

ڕۆژی ڕابردووش ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی تاران ناوچەی ئالانەی تۆپباران کرد.

ئەو تۆپبارانکردنانە زەرەر و زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە، بەڵام پانتایەکی بەرین لە لێڕەوارەکانی ئەو شوێنە ئاگریان تێبەربووە.

 "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاندووە: "سپای پاسداران لەو تۆپبارانکردنەدا، بنکە و مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووەتە ئامانجی خۆی".

ئەو بەرپرسە نیزامییە دەڵێت: "سپای پاسداران لەو تۆپبارانکردنەدا لە چەکوچۆڵی وەک تۆپ و کاتیوشا کەڵکی وەرگرتووە و هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سپای پاسدارانیش لەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیە دەسووڕێتەوە".

"کاوە بەهرامی" ئامانجی سپای پاسداران لە تۆپبارانکردنی خاکی کوردستانی "خەسارەتمەندکردنی خەڵک و ژینگەی کوردستان بۆ پەردەپۆشکردنی بارودۆخی قەیرانی ڕێژیمی ئێران و کێشە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە لە پێش چاو بیروڕای گشتی" زانی.