کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڕی میدیایی رووداو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خەڵات کرا

12:53 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە گەورەترین و گرنگترین رێوڕەسمی ساڵانەی رێزلێنان و خەڵاتكردنی باشترین كارە رۆژنامەوانییەكان لە جیهاندا، مەجید نیزامەدین گلی، وەک پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی برۆنزی ریکاردۆ ئۆرتیگای نەتەوە یەکگرتووەکانی پێبەخشرا.

بەپیی هەواڵێک کە تۆڕی میدیایی رووداو بلاوی کردۆتەوە، ئەم تۆڕە وەک یەكەمین دەزگای میدیایی لە كوردستان و عێراق دەسنیشان کرا کە پەیامنێرێکی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خەڵات بكرێت.

بەپێی ئەم هەواڵە لە رێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە بەڕێزان هێمن لهۆنی بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای رووداو، رەنج سەنگاوی پێشکەشکاری سەرکەتووی تۆڕی ڕووداو، نامۆ عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشینگتۆن و مەجید نیزامەدین گلی بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە نیویۆرک بەشداربوون.

بەناوی دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی حیزبی دێموکراتەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵگای میدیایی کوردستان و بەتایبەت بەڕێوەبەریی و ستاف و کارمەندانی ڕووداو دەکەین و هیواخوازین کە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا بەردەوام و سەرکەوتوو بن؛ پێشمان وایە وەها سەرکەوتنێک دەرەنجامی شەونخونی و زەحمەت و ماندووبونی ئەو ستافە کارایە کە لێبڕاوانە هەوڵی ڕووماڵ کردنی هەواڵەکان دەدەن.