کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشە لە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران دەکات

12:24 - 25 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ترسێکی زۆری خستووەتە دڵ ڕێژیم و بەرپرسان ئەمە بە هەڕەشەیەکی کاریگەر بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان دەزانن، بۆیە کۆنترۆڵ و چاوەدێرییان لەمبارەوە زیاتر کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران بە بیانوی هەڵبژاردەکانی داهاتووی مەجلیس، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر کۆنترۆڵ، بەم شێوەیە دەیهەوەێت کار و جەموجۆلی خەڵک بخاتە ژێر چاوەدێرییەوە.

''نەوید سەحرایی''، دادستانی گشتیی ڕێژیم لە جوانڕۆ باسی لەوە کردووە، بەهۆی ئەوە کە کۆمەڵگا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاترین کاریگەری وەردەگرێت، کۆنترۆڵ و چاوەدێری بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئێمە زۆر هەستیار و گرینگە.

ناوبراو وتوویەتی، پۆلیسی ئەمنییەت لە جوانڕۆ بەرپرسی کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو شارەیە و هەر کەس لە هەوڵی ئەوەدا بێت کە خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دڵسارد بکاتەوە، هەڵسوکەوتی توندی لەگەڵ دەکرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە جوانڕۆ، دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژران و سەدان کەسیش بریندار و دەسبەر کران. هەروەها خەڵک بە هەموو شێوەیەک بێزاریی خۆی لەو ڕێژیمە دەردەبڕێت. ئێستایش بەرپرسانی ڕێژیم لە هەوڵی ئەوەدان بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەنگ ناڕازیی خەڵک کپ بکەن.