کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمساح پەلاماری منداڵێکی ‌دا

12:15 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ڕووبارێکی هەڵکەوتوو لە سیستان و بەلووچستاندا، تیمساحێک پەلاماری کچژۆڵەیەکی دا و بەتوندی برینداری کرد.

هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی، ٢٨ی پووشپەڕ، کیژۆڵەیەک بە ناوی "حەوا ڕەئیسی"، تەمەن ١٠ ساڵ، خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری "سەرباز" لە بەنداوی پێشووی ڕووباری "باهوکلات"، تیمساحێک لە جۆری "گاندۆ" پەلاماری داوە و بەتوندی برینداری کردووە و دەستێکی قرتاندووە.

ئەم منداڵە لەگەڵ بنەماڵەکەی بە مەبەستی پیاسەکردن ڕوویان کردووەتە ئەم رووبارە و بۆ یاریکردن نزیکی ئاوەکە بووەتەوە کە تیمساح پەلاماری دەدات. بنەماڵەکەی پاش چەند خولەک توانیویانە منداڵەکەیان ڕزگار بکەن و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "ئیمام عەلیـ"ـی چابەهاری بکەن.

سەرۆکی ئیدارەی پاراستنی ژینگەی چابەهار لەم بارەوە ڕایگەیاند: "نزیک بە ٤٠٠ تیمساح لە جۆری گاندۆ لە ڕووباری باهوکلات بوونیان هەیە کە تا ئێستا زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێ کەوتووەتەوە".

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بەرپرسان خۆیان ئاگاداری ئەم ڕووداوانەن و تا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردن و چارەسەریی ئەم کێشە نەداوە.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان، یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە لەگەڵ کەمیی ئاو و کارەبا و نەبوونی ڕێگاوبانی باش بەرەوڕوویە و نەتەنیا ئەم کێشانەیان چارەسەر نەکراوە، بەڵکوو لە کاتی پیاسەکردنیشیاندا، گیانیان لە مەترسیدایە.