کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمسار ناسر فەربود ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:25 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی شەهید دوکتور قاسملوو، لە شاری تاران، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تیسماری ئەرتەش، سەرلەشکر "ناسر فەربود" یەکێک لە سەرۆکەکانی ستادی ئەرتەشی ئێران و یەکێک لە ئەندامانی شۆرای ناوەندیی حیزبی ئێران و هەروەها ئەندامی پێشووی هەیئەتی بەڕێوەبەریی جیبهەی میللی ئێران، لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

"کریس کۆچێرا"، لە کتێبی "خەباتخوازیی کورد"دا نووسیویەتی: "ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، کاربەدەستانی تاران لە ورمێ کە پێشتر مەلا حەسەنی لێ بوو، ژنرەاڵ زەهیرنژاد (کە دواتر بوو بە فەرماندەی ستادی ئەرتەش دەکەنە فەرماندەی لەشکری ٦٤)، ئەو ئەفسەرە ئازەرییە دژه کورده لەو بڕوایەدا بوو کە جیایخوازیی کورد بەرهەمی نێردراوی "ئیمپریالیستەکان و سەهیوونیستەکانه. زهیر نژاد کە لە سەردەمی شادا خۆی خانەنشین کردبوو، دواتر خومەینی بانگی کردبووە هاتبوو لە پێناو پاراستنی پلە و پایەکەیدا کوردان بکوژی".

کۆچێرا لەو کتێبەدا باس لەوە دەکات: "زهیرنژاد بڕیار دەدات هەندێک یەکەی ژاندرمری لە زێوە و سێرپ لەسەر سنووری تورکیە و لە ٥٥ کیلۆمیتری ورمێ جێگیر بکات. دوای ئەو بڕیارە، ڕۆژی ٢١ی ژووئیە تیمسار ناسر فەربود فەرماندەی ستاد لەگەڵ هەر چەشنە هێرش و عەمەڵیاتێک "بە دژی خەڵک" موخالیف بوو و پێی وابوو "ناردنی هێزەکان بۆ ناوچە جۆراجۆرەکان بە مەبەستی پاراستنی نەزم هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و بۆیە لە پۆستەکەی لا بردرا. ئەمە باردۆخەکەی هێندەی  دیکە خراپ کرد. فەربود لە وازنامەکەیدا نووسیبووی: "ئەمن باوەڕم بە ئەرتەشێکی ئازاد و دێموکرات هەیە، کە هەرگیز لە دژی میللەت تاو نەداتە چەک".

تیمسار فەربود لە زانکۆی زرەهیی ئامریکادا خوێندبووی و دواتر لە لایەن ئەرتەشبۆد "غوڵامڕەزا ئەزهاریـ"ـیەوە لە ئەرتەش دەرکرا. شەهامەت و بوێری تیمسار فەربود شتێک بووە کە لە سەرجەم دەرجەدارەکانی دیکەی جیا دەکردەوە.

ناوبراو دۆستی نزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەتایبەت دوکتور قاسملوو بوو، کە بە هۆی دژایەتی لەگەڵ سەرکوتی خەڵکی کورد و بۆردمانی کوردستان پلەکەی لێ ئەستێندرایەوە.

تیمسار فەربود، لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "چشم انداز" بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە، کە دەسپێشخەری شەڕی کوردستان هێزە نیزامییەکانی ناوەند بوون. ئەو تیمسارە بە هۆی داکۆکی لە مافی کورد و وتارەکانی لە بارەی فێدرالیزمدا لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سەفەر بۆ دەرەوەی ئێران قەدەغە کرا و هیچ کات نەیتوانی بنەماڵەکەی خۆی ببینێتەوە.

ناوبراو، چەندین بەرهەمی وەک: "انسان و هستی، نقش ارتش در تحولات تاریخی ایران، عصر استعمارزدایی، ادراک من از هستی" و چەندین وتاری بە زمانی فارسی هەیە.