کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمی زۆرانبازیی کرماشان هەڵوەشایەوە

13:46 - 8 خەرمانان 2720

سەرۆکی هەیئەتی زۆرانبازیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی بوودجە و بێ بەڵێنیی وەزارەتی نەوت بۆ پشتگریی ماڵی تیمی زۆرانبازیی ئەو پارێزگایە هەڵوەشاوەتەوە.

"محەممەد حوسێن موحێبی" سەرۆکی هەیئەتی زۆرانبازیی کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە ماڵپەڕەکانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە تیمی زۆرانبازیی ئەو پارێزگایە بڕیار بووە بە پشتیوانیی ماڵیی وەزارەتی نەوتەوە لە خولی نایابی زۆرانبازیدا بەشداری بکات کە بێ بەڵێنیی ئەو وەزارەتە بووە هۆکاری ڕاوەستانی چالاکییەکانی ئەو تیمە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، لە چەند حەوتوو پێشەوە دانیشتنگەلێکیان لەگەڵ ئەو وەزارەتە بۆ پێبەندبوون بە بەڵێنییەکەیان ئەنجام داوە بەڵام، سەرەڕای ئەوەش دیسانەوە هیچ پشتگرییەکیان نەکردووە.

موحێبی باسی لەوە کردووە کە ئەگەر وەزارەتی نەوت پارەی پێویستی خستبایە حسێبی هەیئەتەوە دەمانتوانی لەگەڵ زۆرانبازەکانی پارێزگادا گرێبەست واژۆ بکەین، بەڵام هەرچی چاوەڕێ بووین هیچ پشتگرییەک نەکراین.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، زۆرانبازانی کرماشان لەو ماوەیەدا چاوەڕێ بوون هەتا لەگەڵ تیمی پارێزگاکەی خۆیاندا گرێبەست واژۆ بکەن بەڵام لە ئێستادا کە تیم هەڵوەشاوەتەوە، زۆرانبازەکانیش دەچنە تیمەکانی دیکە.

لە ئەنجامی بێ بەڵێنیی وەزارەتی نەوتدا لە ئێستادا ٤ کەس لە زۆرانبازەکانی ئەو تیمە لەگەڵ تیمەکانی تر گرێبەستیان واژۆ کردووە، لەوانە: "ئەرەشک موحێبی و بەهمەن تەیمووری".

سەرۆکی هەیئەتی زۆرانبازیی پارێزگای کرماشان لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بە ڕۆیشتنی زۆرانبازەکان لەو تیمە و گرێبەستیان لەگەڵ تیمەکانی دیکە، ئیتر لە کرماشاندا تیمێک بوونی نییە و بەشداری لە لیگیشدا هەڵوەشاوەتەوە.