کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمی هەندباڵی شاباد تووشی قەیرانی ماڵی بووە

12:19 - 19 رێبەندان 2719

تیمی هەندباڵی "زاگرۆس" لە شاری شابادی پارێزگای کرماشان، بەهۆی کێشەی ماڵییەوە تووشی قەیرانێکی جیددی بووە و هیچ لایەنێکیش یارمەتیی ماڵیی ئەو تیمە ناکات.

"سەجاد ئەعزەم"، بەڕێوەبەری گشتیی تیمی هەندباڵی زاگرۆس باسی لە قەیرانی ماڵی کردووە کە بەرۆکی ئەو تیمەی گرتووەتەوە.

ناوبراو وتوویەتی، بۆ چارەسەریی کێشەی ماڵیی ئەم تیمە وادە و بەڵێنییان بە ئێمە داوە، بەڵام هیچ  کام لە بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون.

یاریزانانی ئەو تیمە به‌هۆی نەبوونی پارە تووشی کێشەی جیددیی ماڵی بوونە.

بەڕێوەبەری ئەو تیمە وتوویەتی، تەنیا دڵخۆشیی خەڵکی ئەو شارە بێبەشە ئەم تیمەیە کە ئێستا بەرپرسان هیچ کارێک بۆ چارەسەریی کێشەی ماڵیی تیمەکە ناکەن.

وەرزشوانان لە ئێران و کوردستان، جیا لە کێشەی ماڵی، لەگەڵ کێشەی سیاسیش بەرەوڕوون، بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە وەرزشوانان ئێران بەجێ دەهێڵن.