کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێد کروز: ڕێژیمی ئێران دەبێت بڕووخێت

16:11 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سناتۆرێکی کۆماریخوازی ئامریکا باسی لەوە کردووە، کە هیوادارم بە زوویی، بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ملهوڕی ئاخوندەکان، لەگەڵ خەڵکی ئێران لە جێژنی ئازادی مەزهەب و مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەشداری بکەین.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان،'' تێد کروز'' سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، لە دانیشتنێکدا سەبارەت بە ئازادی مەزهەب و مافی مرۆڤ لە ئێراندا باسی لەوە کرد، خەڵکی ئێران کە خوازیاری ئازادین، بەردەوام لە لایەن ئاخوندەکانەوە ئازار دەدرێن، زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێن و دەکوژرێن.

خامەنەیی، وڵاتی ئێرانی بە دەمارگرژییی مەزهەبی وێران کردووە، مافی خەڵکی ئێران پێشێل دەکات و دەرفەتە ئابوورییەکانی بەفێڕۆ داوە.

نابراو ئاماژەی بەوەکرد، کە ئامریکا لە هیچ دۆخێکدا ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات، کە دەستی به چەکی ناوکی ڕابگات؛ ئەو ڕێژیمە ملهوڕە دەبێت بڕووخێت.

ئەم سێناتۆرە وتی: جێگای ڕێزە کە دانڵد ترامپ کەمپەینی گوشاری لەڕادەبەدەری بۆ سەر ڕێژیمی زاڵم و ملهوڕی ئێران وەگەڕ خستووە.

نابراو لە کۆتاییدا وتی: هیوادارم بەزوویی، بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ملهوڕی ئاخوندەکان، لەگەڵ خەڵکی ئێران لە جێژنی ئازادیی مەزهەب و مافی مرۆڤ لە ئێراندا، بەشداری بکەین.