کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆر چەکی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامییە

12:27 - 28 گەلاوێژ 2721

جاقل

کۆماری تێرۆریستی تاران لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە تێرۆر و ڕەشەکوژیی وەک گەورەترین و بەهێزترین چەک بە دژی بەرانبەرەکانی بەکار هێناوە. مێژووی ئەو ڕێژیمە پێمان دەڵێت کە کۆماری ئیسلامی لەنێوبردنی بەرانبەرەکەی بە هەر شێوەیەک بێت بە نیشانەی هێزمەندیی خۆی دەزانێت. ڕێژیمی ئاخوندی لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتدارییەوە شەڕی بە بەرەکەت زانیوە و لە ڕێگای ئیدئۆلۆژیی دینییەوە ڕەوایی بە شەڕ داوە. ڕێژیم، شەڕکەرەکانی لە ئەگەری کوژراندا بە بەهەشت دڵخۆش کردووە و لەمبارەوە خاوەنی کەلتوورێکی دەیان ساڵەیە. ئەو ڕێژیمە بە بردنە پێشی پرۆسەی شەهیدسازی و بە ئارمانی کردنی مردن لە ڕێگای ڕێژیمدا زۆر گەنج و لاوی جوغرافیای ئێرانی بردە بەرەکانی شەڕ کە بەشێکی زۆریان کوژران یان بێسەروشوێن یان نوقستان بوون. لە پاش شەڕی ئێران و عێراق و بە مردنی خومەینی، ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆی لە باری مانایی و ئیدئۆلۆژیکەوە و بۆ هەناردەی شۆڕش، پەرەی زیاتری بە شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە ناوچە و جیهان دا. خامنەیی و ڕەفسەنجانیی گۆڕبەگۆڕ و تاقمی دەسەڵاتدار، باندەکانی تێرۆریان مودیرییەت دەکرد. ئەوان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران تێکۆشەرانی دژبەری ڕێژیم و جودابیرانیان دەکردە ئامانج کە شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید سادق شەرەفکەندی و سەدان پێشمەرگەی  دێموکرات لەو ساڵانەدا شەهید کران.

تەنیا جیاوازییەک کە لە بیرکردنەوەی خامنەیی و ڕەفسەنجانیدا لەمبارەوە دەتوانێت بووبێت ئەوە بوو کە خامنەیی بە ئاشکراتر لە بەرانبەری وڵاتانی جیهانیدا لێدوانی دەدا و لە قسەکانیدا وای پیشان دەدا کە بۆ ئەو تەقینەوە و تێرۆرانە تەنیا پشت بە تێرۆریستەکانی شوێنکەوتووی خۆی دەبەستێت و وڵامی وڵاتانی بیانی ناداتەوە بەڵام ڕەفسەنجانی لێدوانێکی نەرم و نیانتری بەکار دەهێنا و پێی وابوو ئەگەر دڵی وڵاتانی بیانی ڕاگرن دەتوانن خەڵکانێکی زیاتر بکوژن بێ ئەوە لەو بابەتانەوە وڵاتانی بیانی بە ناوی مافی مرۆڤ و دژایەتی لەگەڵ کردەوە تێرۆریستییەکانیان بیانخەنە ژێر گوشارەوە و گەمارۆیان لەسەر دابنێن. ڕێژیمی خومەینی بەپێچەوانەی وڵاتانی جیهان هێزمەندی لە توانای سیاسی یان ئابووری و کەلتووری و کرانەوەی دەرگای دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا نەدەدیت. ئەو ڕێژیمە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بڵاوکردنەوەی ترسی لەنێو خەڵکی ئێران و جیهاندا وەک یەکەم چەکی خۆی بەکار هێناوە و لەم ڕێگایەشدا کەڵکی بەردەوامی لە تێرۆر و تەقینەوە و هێزی نیابەتی وەرگرتووە. مووشەکی بالستیک و دڕۆن یان پەهباد و توانای ناوکیش کە ڕێژیم لە ئێستادا وەک کەرەستە بۆ شەڕێکی گەورەتر سەیریان دەکات، تەنیا لە خزمەت هزری تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی ترسدایە بۆ مانەوەی زیاتری ڕێژیم و هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی جوغرافیای ئێران.

ڕێژیم لە ئێستادا میلیشیا سەربازی و تێرۆریستییەکان وەک گۆپاڵی بەهێزی دەستی بە دژی وڵاتانی ناوچە و خۆپیشاندەرانی ناوخۆ بەکار دێنێت و هەتا ئێستاش ئەم سیاسەتەی هەر درێژەی هەیە. ڕێژیم لە دوای مەرگی خومەینی نەیتوانی هێزی بەدەنەی ئەو میلیشیایانە لە خەڵکی ناوخۆی ئێران پێک بێنێت. چون خەڵکی ئێران ناوەرۆکی ڕێژیمیان ناسیبوو و بڕوایان بەو ئارمانە وەهمییانە نەمابوو کە ڕێژیم پڕوپاگاندای بۆ دەکرد. ئەو کەسانەی کە لە ئێرانەوە لە شەڕە ناوچەییەکانەوە دەگلان دابەش دەبن بەسەر سێ دەستەدا یەکەم فەرماندە نیزامییەکان یان کەسانێک کە پێش ساڵی ۷۰ی هەتاوی تێکەڵ بە کارە تێرۆریستییەکان بووبن و هەتا ئێستاش ناچار بە درێژەدانی ئەو ڕەوتەن. دووەم: خەڵکانی دەستکورت کە بۆ مووچەیەکی مانگانە چوونەتە ڕیزی تێرۆریستەکانەوە. دەستەی سێهەم کە ڕێژەیان زۆر کەمە کەسانێکن کە بانگەشەکانی ڕێژیم فریویانی داوە و بە ناوی پاراستنی مەزارگە پیرۆزەکانی شێعەوە چوونەتە ناو میلیشیا چەکدارەکانەوە .

تێرۆریزمی ڕێژیم، تێرۆریزمێکی بەربڵاوە و بە یەک بەرەی دیار و بەرچاو پێناسە ناکرێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە کاتی مەراسمی بەناو تەحلیفی ڕەئیسیدا هەندێک کەس پێیان وابوو ڕوانگەی تێرۆریستیی ڕێژیم لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت بە نیسبەت کوردەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەو خۆشبینییە کاتییە دیتمان ڕێژیمی فاشیست و تێرۆریستی تاران لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانیەوە جینایەتێکی نوێی خولقاند. تێرۆرکردنی کاک "مووسا باباخانی" لە کاتێکی وەهادا، گەورەترین پەیامە بۆ ناسینی زیاتری کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی پیشانی دا بە مەرجێک هەلی بۆ هەڵکەوێت دژبەرانی خۆی چ چەکدار بن یان بێ چەک، تێرۆر دەکات.

لەو ڕۆژەی کە شاندی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢١/٠٨/٠٥دا، بە سەرۆکایەتی کاک نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە مەراسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری دەستنیشانکراوی ڕێژیم چووبوونە تاران و لە مەراسمی فڕۆکەخانەدا کە بە ئاڵای کوردستان پێشوازی کران، بەڵام دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هەڵەیەکی تیمی پرۆتۆکۆلی پێشوازیکەر بووە، هاوکات دەبینین ڕاست لەو ڕۆژەدا پیلانی لەداوخستن و شەهیدکردنی مووسا باباخانی لە هەولێر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم کردەوانە ماهییەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرهەق بە نیازپاکیی کوردەکان نیشان دەدەن، نەک زمانلووسی و قسە فریودەرەکانیان.

لە وەها بارودۆخێکدا، ئەرکی ئێمە تێکۆشەرانی دژبەری ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییە و گشت نیشتمانپەروەرانی نەتەوەکەمان، ئەمەیە کە بەبێ ئەوەی مەترسیی دوژمن بە کەم بگرین و لە پیلانەکانی غافڵ بین، لە هەمانکاتدا نەکەوینە ژێر کاریگەریی دەنگۆی لابەلا و شەڕی دەروونیی ڕێژیم، بەڵکوو بتوانین بەوپەڕی وشیاری و بەجیدییەتەوە بەکرێگیراو و تێرۆریستەکانی ڕێژیم لە ناوخۆ و لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەین و بە دامودەزگا پێوەندیدارەکان بناسێنین، تاکوو لە هیچ شوێنک هەست بە ئەمان نەکەن و زوو یان درەنگ بە سزای پێویستی خۆیان بگەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.