کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆری مەلا محەممەد ڕەبیعی نیشاندەری چییەتیی ڕێژیمی ئێرانه

11:13 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کەسایەتی سیاسی، ئایینی، شاعێر و نووسەری کورد ٢٢ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە پارێزگای کرماشان تێرۆر کرا.

تەرمی بێگیانی مەلا محەممەد ڕەبیعی، پێشنوێژی پێشووی سونییەکانی شاری کرماشان، ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، لەسەر شەقامێکی شاری کرماشان دۆزرایەوە.

مەلا محەممەد مامۆستایەکی شارەزا لە ئایین، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر هەژمار دەکرێ. پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بەرنامەیەکی ئایینی لە رادیۆ کرماشان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرد. ناوبراو  خاوەنی ٣٣ کتێب لە بوارە جیاوازەکان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبییە. دوای شۆڕش و لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بوو بە پێشنوێژی سونییەکانی شاری کرماشان و بە وتەی دانیشتووانی ئەو شارە، تەنانەت بۆ کوردانی شێعەش جێگەی متمانە بووە و زۆرجار بۆ چارەسەری کێشەکانیان سەردانیان کردووە.
 تێرۆری مەلا محەممەد دۆسیەیەکە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پەردەپۆش کرا.

پزیشکی دادوەری پارێزگای کرماشان دوای دۆزرانەوەی تەرمی مامۆستا ڕەبیعی، هۆکاری مردنەکەی بە جەڵتەی دڵ لە قەڵەم دا، بەڵام لایەنگران و خەڵکی کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان ئەوەیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند؛ مامۆستا ڕەبیعی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرلەبەیانی ڕفێندراوە و دواتریش کوژراوە. 

لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەز بوو بە گۆرەپانی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک و تێکەڵچوونیان لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە شاری کرماشان. ئەو ناڕەزایەتییانە زوو شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان لەوانە پاوە، جوانڕۆ، ڕوانسەریشی گرتەوە و بڕیاربوو ناڕەزایەتییەکان بکێشرێنە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە ڕێژیمی ئێران پێشی پێ گرت. ئەو ناڕەزایەتییانە ژمارەیەک کوژراو و هەروەها چەندین برینداری لێ کەوتەوە و زۆر کەسیش بەو هۆیەوە دەسبەسەر کران.

گیان لەدەستدانی مامۆستا ڕەبیعی لە لایەن دژبەرانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی قەتڵە زەنجیرەییەکان دەزانرێ کە دواتر زۆریەک لە ڕەخنەگر و نەیارەکانی ڕێژیمی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا کردە ئامانج.

دوای ٢٢ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تێرۆری مەلا محەممەد ڕەبیعی، جگە لەوەی کە هەندێک کەس بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕینەوە سزا دران، هێشتا لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە بارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی نەکراوە و بنەماڵەی ئەو کەسانەش کە ڕۆڵەکانیان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژران، هێشتا چاوەڕێی سزادانی بکوژەکان دەکەن. 

مامۆستا ڕەبیعی ساڵی ١٣١١ لە گوندێکی ناوچەی دیواندەرە لە دایک بوو و خوێندنی مەلایەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو کرد.