کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە ئارژانتین کۆتایی نایەت

16:33 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دوو تێرۆریستی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئارژانتین به پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیر کران.

بەرپرسانی ئیتلاعاتی دەوڵەتی ئارژانتین ڕایانگەیاندووە، دوو مۆرەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە بە پاسپۆرتی ساختە بۆ ئارژانتین سەفەریان کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کران.

ئەو دوو تێرۆریستە بە پاسپۆرتی ساختەی ئیسرائیل لە بوینێس ئایرێس دەسبەسەر کراون.

شوناسی ئەو دوو مۆرە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئێران "نێتانل" و "ڕیوکا تۆلدانۆ" ڕاگەیەندراوە. ئەو دوو مۆرەیەی ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ ١٧ی مارس، ساڵڕۆژی تەقینەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئارژانتین، دەسبەسەر کراون.

دوو ساڵ دواتر، ناوەندی جوولەکەکان لە ئامیا تەقێندرایەوە کە ٨٥ کەس کوژران.

تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستییە بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاویدا، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جوولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پاش ١٣ ساڵ لە ڕووداوی تێرۆریستیی ئامیا، دادوەری گشتیی ئارژانتین خوازیاری دەستبەسەرکردنی ٩ کەس بریتی لە: عەلی‌ئەکبەر هاشمیی‌ڕەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لە لایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە بووە و داوا لە ئینتێرپۆلیش کراوە کە وێڕای ئەو دوو کەسە، ٦ کەسی دیکە بە ناوەکانی عەلی فەلاحییان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی)، موحسێن ڕەزایی (فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، مۆحسێن ڕەبانی (ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین) و عێماد مۆغنییە (بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان) دەستبەسەر بکات.

دواتر ئالبێرتۆ نیسمان، کە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانباری سەرەکیی ئەو کردەوە تێرۆریستییە دەزانی.

ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسیەی ئامیا کە بەرپرسایەتیی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتینی لە ئەستۆ بوو، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانیی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین تاوانبار کردبوو و خوازیاری گرتن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی وەک موحسێن ڕەزایی، عەلی ئەکبەرهاشمیی ڕەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و پاسدار ئەحمەد وەحیدی لە لایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) ببوو.

دادوەرەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ئامیادا، سەرکۆماری ئارژانتین، "کریستیان فێرناندێز"ی بەوە تاوانبار کردبوو کە لە سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی نژاددا، دەستی لە شاردنەوەی ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ئامیادا هەبووە، بەڵام فێرناندێز ڕایگەیاندووە کە ئەوە پیلانێکی گەورەیە کە دژی ئەو و دەوڵەتەکەی داڕێژراوە.