کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریست "قاسم سلێمانی" و "ئەبوو مەهدی موهەندیس" کوژران

10:20 - 13 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، فه‌رماندەی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و "ئەبوو مەهدی موهەندیس"،  به‌ فه‌رمانی "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا كوژران. ئه‌و هێرشەی ئامریکا بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی به‌رگریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ پاراستنی كارمه‌ندانی ئامریکا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووە.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، "پێنتاگۆن" بڵاوی کردووەتەوە: "قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، لەگەڵ ئەبوو مه‌ھدی موھەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کراونەتە ئامانجی فڕۆکەکانی ئامریکا و هەر دووکیان لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون".

کوژرانی ئەو دوو پاسدارە لەلایەن حه‌شدی شه‌عبییەوە پشتڕاست  کراوەتەوە.

ماشینەکانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" و "ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس" له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوە  كراونه‌ته‌ ئامانج و هه‌ر دووكیان كوژراون.

"قاسم سلێمانی" فه‌رمانی هێرش كردنه ‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئا‌مریكای له‌ به‌غدا ده‌ر كرد و و پلانی هێرشی بۆ سه‌ر دیپلۆماتكاران و سه‌ربازه‌ ئامریكاییەكانی هه‌بووه‌.

پێنتاگۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووە: "كوژرانی قاسم سلێمانی به‌ فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی دانڵد ترامپ بووە".

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، کوژرانی ئەو دوو پاسدارەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها "محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف"، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیمی ئێران هێرشێکی توندی کردووەتەوە سەر ئامریکا.

"حیسامەدین ئاشنا"، ڕاوێژكاری سه‌رکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "دانڵد ترا‌مپ، سەرکۆماری ئامریکا هاتووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره‌وه‌ و ده‌بێ واشنتۆن به‌رپرسیاریەتیی ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی وەئه‌ستۆ بگرێت".