کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریستان دیسان یەکیان گرتەوە

16:23 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی بەشار ئەسەد و داعش لەسەر چۆڵکردنی ناوچەیەک لە باشووری دمشق، لە لایەن داعشەوە ڕێک کەوتن.

چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان داعش و ڕێژیمی بەشار ئەسەد واژۆ کرا، یەکەمین گرووپی تێرۆریستی داعش، ناوچەیەک لە نزیکی دمشقیان چۆڵ کردووە.

ئەم ڕێکخراوەیە باسی لەوە کردووە، کە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، کۆمەڵێک ئۆتۆبووس، بنەماڵە و تێرۆریستانی داعشیان لە ناوچەی یەرمووک لە باشووری سووریە بەرەو ناوچەی بادییە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە گواستووەتەوە.

یەرمووک دوایین ناوچەی کونتڕۆڵنەکراوی دمشق لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدە، کە بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی داعش، ڕۆژئاوای سووریە ئێستە بەتەواوەتی لە کونتڕۆڵی بەشار ئەسەدە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی گشتیی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە سووریە، لەم بارەوە وتوویەتی: ئەم ئاگربەسە دەسپێکی ڕۆیشتنی شەڕکەرەکانی داعش بەرەو ناوچەی بادییەی سووریەیە.

ئەگەرچی ئەم هەواڵە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی بەشار ئەسەدەوە ڕەت کراوەتەوە، بەڵام ئەمە دووهەمین جارە کە لە نێوان ڕێژیمی تێرۆریستی بەشار ئەسەد و داعشەوە ڕێککەوتننامەی لەو چەشنە واژۆ دەکرێت، لەم پێوەندییەدا لە هاوێنی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن داعش و بەشار ئەسەد و هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی ئێرانەوە ڕێککەوتننامەیەک واژۆ کرا.