کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریستانی سپای پاسداران، بە ناوی پێشمەرگەوە گەشت لێدەدەن

12:23 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: چڵکاوخۆر و جاشەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە، لە ناوچەی ژاوەرۆی سنەدا گەشت لێدەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی شەڕی کۆساڵان، ڕێژیم هێزێکی زۆری بۆ ناوچەی ژاوەرۆ ڕەوانە کردووە کە دوو ئامبوڵانسیشیان لەگەڵدا بووە. بەشێکی زۆری ئەو هێزە لە باخەکانی مێرگەواری نییەر بڵاوەیان پێکراوە.

دووجار هەلیکۆپتەریش بەسەر کوێستانەکانی گوندی تەنگیسەر، بە مەودایەکی زۆر نزیک لە زەوی، سووڕاوەتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، چەند دەستە لە جاش و خۆفرۆشان، بە جلوبەرگی پێشمەرگە و ئارمی حیزبی و کارتی ساختەی پێشمەرگایەتی، لە هەوارەکانی گوندی تەنگیسەردا گەڕاون و لە لای خەڵک و بەتایبەتی منداڵان و بەساڵاچووان، خۆیان بە پێشمەرگە ناساندووە.

جاش و چڵکاوخۆرەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، دەیانهەوێت لە ڕێگای کەڵكاژۆوەرگرتن لە هەستی خۆشەویستیی خەڵک بۆ پێشمەرگە، زانیاری لەسەر جموجۆڵ و چالاکییەکانی پێشمەرگە کۆ بکەنەوە.

ئەم کەسانە چەند جارێک لە لایەن خەڵکی ئەو ناوچانەوە بینراون کە بە ماشینی سەر بە پایەگای سپا لە پشت گوندی نییەرەوە هاتوچۆیان پێکراوە.

هەروەها ئەم هێزە کە بەشێکی لە پشت گوندی نییەر جێگیر کراوە، بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە تەقە لە کێوەکانی ئەو دەوروبەرە دەکەن.