کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریستانی سپای پاسداران، بەردەوام خەریکی هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکەن

12:45 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی تێرۆریستی "قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا"، ڕوو بە ڕێبەرانی ناوچەکە وتی: "سبەی ئەگەر غەزەبی ئێران داوێنی ئێوەی گرت، مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیتان نییە".

"محەمەدتەقی ئەسانلوو"، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ کوژراوانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سەوڵاوا گیرابوو، بە ئاماژەکردن بە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم وتی: کە ئێمە هوشداری دەدەینە ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی ئێران دەکەن، کە ڕێگا لە چالاکییەکانی ئەوان بگرن و پشتیوانییان لێ نەکەن.

ئەم تێرۆریستە زیادی کرد: "سبەی ئەگەر غەزەبی ئێران داوێنی ئێوەی گرت، وەک چۆن ساڵی پێش مەقەڕەکانی دێموکراتمان مووشەکباران کرد، داوێنی ئێوەش دەگرێت و لەو کاتەدا مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیتان نییە".

لەم قسانەدا، سپای تێرۆریستی پاسداران بە ڕوونی هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت کە ئێوەش مووشەکباران دەکەین!

ئەم هەڕەشانە کە هەمیشە بەشێک لە سیاسەتی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران بووە، زۆر کات لە وڵاتانی ناوچەکەدا جیبەجێ کراوە و تێرۆریستانی ڕێژیم کاری تێرۆر و کوشتنیان کردووە و لەم نێوانەدا جگە لە کورد، وڵاتانی ناوچەکەش لەم کردەوانەی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران وەزاڵە هاتوون.