کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە قاڵبی باڵوێزدا چالاکی دەکەن

12:05 - 20 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێرۆریستەکانی خۆی لە چوارچێوەی کاربەدەستانی سیاسی ڕەوانەی وڵاتانی دیکە دەکات و دواتر پلەی نیزامییان پێ دەدات.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دوای کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، جێگری ناوبراوی دەستنیشان کرد و "ئیسماعیل قائانیـ"ـی کردە فەرماندەی سپای قودس. ناوبراو پێشتر بە ناوی خوازراو جێگری باڵوێزی ڕێژیم لە ئەفغانستان بووە.

"ئیسماعیل قائانی" بە نازناوی "ئیسماعیلی"، جێگری باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانستان بووە و چالاکیی کردووە.

ئەو کاربەدەستەی ئێستای ڕێژیم بەو نازناوەوە لەگەڵ والیی "بامیان" دیداری کردووە.

ناوبراو فەرماندەی قەرارگای ئەنسار بووە کە لە ئەفغانستان چالاکیی کردووە.

هەروەها هەڵبژاردنی ناوی خوازراو لەلایەن ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێرانەوە، پێشێلکردنی عۆرفی دیپلۆماتیک بووە.

دەوڵەتی ئەفغانستان لەوە نیگەرانە کە سپای قودس بیهەوێت گوردانێک شێوەی گوردانی "فاتمیوون" لەو وڵاتەدا دروست بکات و دژی ئامریکا بەکاریان بێنێت.

چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان، بەپێی پێشینەی سپای قودس، لاوازیی مودیرییەتی، نیزامی، ئیتلاعاتی و شەڕی تایفەگەری لە ئەفغانستان، سپای قودس توانایی ئەوەی هەیە کە گرووپێکی نیابەتیی شیعە لەو وڵاتەدا دروست بکات.

هاوکات ئەگەری هەیە ڕێژیمی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئامریکا، تاڵەبان بە دژی ئەو وڵاتە هەڵخڕێنێت.