کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێلێگرامی تەڵایی و هاتگرام درووستکراوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بوون

12:12 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلێگرامی تەڵایی و هاتگرام، بە تێچووی ٤۰۰ میلیارد تمەنەوە درووستکراوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بوون.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، "نەسروڵڵا پێژمانفەر"، نوێنەری دەسنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس، لەسەر تۆڕە کۆمەڵاتییە نێوخۆییەکانی ئێران و بەتایبەت تێلێگرامی تەڵایی و هاتگرام، ڕایگەیاند کە گەڵاڵە و درووستکراوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمن و تەنیا بۆ دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامی تەڵایی و هاتگرام، بڕی زیاتر لە ٤۰۰ میلیارد تمەن تێچووی هەڵگرتووە.

لەم بارەیەوە، ڕێژیمی ئێران، لە بڕیارێکدا ڕایگەیاندووە، کە دەبێت هەموو بەرپرسێکی ڕێژیم و بەتایبەت بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ئەو ڕێژیمە، لە تۆڕە کۆمەڵاتییە نێوخۆییەکان کەڵک وەربگرن و لاپەڕەکانی خۆیان تەنیا لەسەر ئەپە نێوخۆییەکان بکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەرەکییەکان کەڵک وەربگرن.

وێڕای سانسۆری لەڕادەبەدەر و خاوی هێلی ئینترنێت لە ئێراندا، ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و بەتایبەت دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام و ئینستاگرامی داوە و هەروەها زۆر بە چڕیش هەوڵی ئەوەی داوە کە ئەپە درووستکراوەکانی خۆی کە بۆ کاری سیخوڕی درووستی کردوون، لە نێوان بەکارهێنەرانی کۆمەڵگای ئێراندا جێ بخات، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانەیان بەرەو دۆڕان ڕۆیشتوون و پاش فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و تێلێگرام، ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە ئێراندا بەکارهێنەریان ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا، کۆمپانیای گووگڵ پێشی بەو سیخوڕییانەی ڕێژیمی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لەو کۆمپانیایە گرت و ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، واتە "تێلێگرامی تەڵایی و هاتگرامـ"ـی لە نێو لیستەی ئەپەکانی خۆیدا سڕییەوە.

لەم بارەیەوە، "نەریمان غەریب"، کارناسی ئەمنییەتی سایبێریی کۆمپانیای گووگڵ، ڕایگەیاندبوو کە، ئەمنیەتی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر کۆمپانیای گووگڵ لە سەرانسەری جیهاندا و بەتایبەتی لە وڵاتی ئێران کە دەیهەوێت کەڵکاژۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە درووستکراوەکانی خۆی لە کۆمپانیای گووگڵ بۆ بەکارهێنەرانی ئێرانی وەربگرێت، بۆ کۆمپانیای گووگڵ گرنگە و لەم پەیوەندییەدا دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی هاتگرام و تێلێگرامی تەڵایی کە درووستکراوی ڕێژیمی ئێرانن، خراونەتە لیستی بەرنامە گوماناوییەکانی کۆمپانیای گووگڵ و بە زووترین کات دەسڕدرێنەوە.