
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، تورکیە ٨ کەسی کە ٥ کەسیان "ئێرانـ"ـین بەهۆی پلاندانان بۆ تێرۆری شارومەندانی ئیسرائیلی لە خاکی تورکیە دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی میدیاکانی ئیسرائیل، هەستەی تێرۆریستیی ئەو تیمە دەسبەسەرکراوە لە تورکیە بۆ ڕفاندنی باڵوێزێکی پێشووی ئیسرائیل و هاوسەرەکەی بەرنامەیان داڕشتبوو.
هەوڵدەریی ''ئەلعەرەبییە'' لە ڕاپۆرتیکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هەستەی تێرۆریستیی ئەو تیمەی سەر بە ڕێژیمی ئێران حەوتووی ڕابردوو لە تورکیە دەسبەرسەر کراون، بەڵام هەواڵی دەسبەسەرییەکەیان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕ بە میدیایی کراوە.
هەواڵدەریی ''ئێخلاس'' نووسیویەتی: ''ئەو کەسانە لە دوو ژووری جیا لە نۆهومی دوو و چواری هۆتێلێک لە ''بێ ئۆغڵوو'' جێگیر بوونە کە بە ڕێژەیەکی زۆری چەک و تەقەمەنییەوە دەسبەسەر کراون.
حەوتووی ڕابردوو میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتە باسیان لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران لە کەسانی "ئێرانـ"ـی و "تورکیە"یی چەندین باندی تێرۆریستی پێک هێناوە هەتا شارومەندانی ئیسرائیلی لە تورکیە بکەنە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیە، ئێران چەندین کەسی وەکوو بازرگان، گەشتیار و خوێندکار ڕەوانەی ئیستانبوڵ کردبوو هەتا لە تۆڵەی کوشتی ''خودایی و هێرشەکانی ئیسرائیل'' دژی شارومەندانی ئەو وڵاتە هەوڵی تێرۆریستی ئەنجام بدەن.
ئەمە یەکجار نییە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵ بۆ تێرۆر و ڕفاندن لە خاکی تورکیە تاوانبار دەکرێن.
لە مانگی ڤێبرییەی ئەمساڵدا ڕێکخراوی ئەمنییەتیی تورکیە ناسراو بە ''میت'' ڕایگەیاندبوو کە ١٧ کەسی بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە پلان بۆ ڕفاندنی یەکێک لە دژبەرانی ئەو ڕێژیمە دەسبەسەر کردووە.