ڕۆژی سێشه‌ممه ٣١ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٩ی هه‌تاوی، كاتژمێر یه‌كی نیوه شه‌و له "سیاكێو" له شاری شنۆی پارێزگای ورمێ، تێكه‌ڵچوون له‌نێوان سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزێكی نه‌ناسراو هاته ئاراوه.
له كاتێكدا كه هێزه‌كانی سپای پاسداران له ناوچه‌كه خه‌ریكی گه‌ڕان و ئازاردانی خه‌ڵک و بۆسه‌نانه‌وه بۆ كاسبكار و كۆڵبه‌ره‌كان و خه‌ڵكی ئاسایی ناوچه‌كه بوون، له‌گه‌ڵ هێزێكی چه‌كدار به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه و شه‌ڕ و تێكه‌ڵچوونی چه‌كداری له‌نێویاندا ڕووی داوه.
دوابه‌دوای ئه‌وه، سپای تێرۆریستی به چه‌كی نیوه‌قورس و قورس له شوێنی تێکەڵچوون و ناوچه‌كه‌ی داوه.
به‌پێی زانیارییه‌كان كه له خه‌ڵكی ناوچه گه‌یشتووه، ئه‌و تێكه‌ڵچوونه زیاتر له كاتژمێر و نیوێكی خایاندووه و سپای پاسداران له هه‌موو جۆرە چه‌كێكی وه‌كوو خومپاره و كاتیوشا بۆ لێدان له ناوچه‌كه كه‌ڵكی وه‌رگرتووه.
خه‌ڵكی ناوچه‌كه باس له كوژراو و بریندار له‌نێو هێزه‌كانی ڕێژیم له‌و تێكهڵچوونهیەدا ده‌كه‌ن.