ئاسۆ مینا
ئەو گەل و میللەتانەی لە دنیای ئەوڕۆکەدا هێشتا سەربەخۆ یان ڕزگار نەبوون و لەژێر داگیرکاریی هەمەلایەنەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی دەسەڵاتداران و دەوڵەتانی دیکەدان، بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو دەبێ هەستیان بە گرێکوێرەی سەرنەکەوتنی خۆیان کردبێت و خەسارناسییان بۆ پرسی سەرنەکەوتنیان کردبێت تا بتوانن لەو قۆناخە دەربچن؛ دەنا لە دنیای ئەوڕۆدا، وەدواکەوتن لە ڕووداوەکان و بەشدارنەبوون لە ئاڵوگۆڕەکاندا، ئاکامی خراپی مێژوویی و سیاسی بە دوای خۆیدا دێنێت.
گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان تا ئێستا بە دەیان شۆڕشی بەڕێوە بردووە بەڵام زۆربەی هەرەزۆری بزووتنەوە و شۆڕشەکانی تێکشکێندراون و لەنێو بردراون.
لە بڕگەیەکی مێژوویی تایبەتدا کە حیزب و سازمانی سیاسی لە کوردستاندا وەکوو هەموو دنیا دروست بوو، ئەو بیرە تەواو بوو کە هەوڵ بدا بۆ بێدەنگکردن و کپکردن و لەنێوبردنی خەبات و شۆڕش و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد. بەهۆی مێلیتاریزەبوونی کوردستان کە لەمێژ ساڵەوە، ڕەنگە لە هەندێک بڕگەی زەمەنیدا و لە ئێستاشدا باس لە خەباتی مەدەنی و سیاسی بە ئاشکرا زۆر نامۆ بێت، چونکە بە درێژایی مێژوو هەر حەرەکەت و جووڵانەوەیەکی کورد بە توندترین شێوە بەرخوردی لەگەڵ کراوە و ئێستاش خراپترین بەرخوردی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام بوونی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی ئەو قازانجەی هەبووە کە نەیهێشتووە توانا و پۆتانسییەلی خەڵک لە نەبوونی ئازادیدا بە فیڕۆ بڕوا و حیزبەکان کەرەستەی بەکارهێنانی هێزی خەڵک بوون بۆ داواکردنی خواستەکانیان بە شێوەی نەرم و هەروەها بە شێوەی ڕەق.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قۆناخی جۆراوجۆری تێپەڕ کردووە. بە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێکهاتنی کۆماری کوردستان، خەباتی کورد لە چوارچێوەی سوننەتی و کۆن هاتە دەر و شێوەیەکی جیهانی و نوێی بە خۆیەوە گرت و لە سایەی ئازادیدا زۆرێک لە خەباتەکان وەکوو خەبات بۆ مافی ژنان، کرێکاران، لاوان، پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان بەڕێوە برد. بە دوای ڕووخانی کۆمار خەباتی کورد کەوتووەتە قۆناخی نهێنی و تەشکیلاتییەوە و ئەگەر چەند ساڵێکی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانی لێ دەربکەیت کە بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئازاد بوو، هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت خەبات زۆربەی زۆری هەر بە چەشنی نهێنی و تەشکیلاتی بەڕێوە چووە، بەڵام لە نەورۆزی ۹۵ـەوە و بە دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، گۆڕانکارییەکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستانی گرتەوە.
ئەوەی لە ئێستادا زۆر گرینگە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت، شکاندنی دیواری ترس و بەفەرهەنگکردنی کار و کردەوە و ئاکاری شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی و هێنانەگۆڕی ئازادانەی داوا ڕەواکان و ئێعتڕازاتی بە ئاشکرایە. دیارە جێگرتنی ئەو فەرهەنگە، زەحمەت و ماندووبوون و قوربانیی زۆری دەوێت بەڵام ئەگەر جێ بگرێت، خەبات و تێکۆشان بە تایبەت لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕەنگ و بۆنێکی تایبەت بە خۆیەوە دەگرێت و لە چوارچێوەی نهێنی و تەشکیلاتی دێتە دەرەوە و لەوە بە دوا ئەو پرسانەی کە سەردەمێک و ساڵەهای ساڵ تەنانەت لە دیوە تاریکەکانیشدا خەڵک لە هێنانەگۆڕی دەترسان، ئەوجار ئاشکرا و بە ڕۆژی ڕوون لەسەر شەقام و کۆڵانی شار و دێهاتەکان هاواری دەکەن.
ئەگەر ئەو واقعییەتە بخولقێندرێت کە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات خەریکە بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوا، بە دڵنیاییهوه بەستێن خۆش دەبێت بۆ ئەوەی خەباتی خەڵکی کورد، بتوانێت هەنگاوی زیاتر و کاریگەرتر بەرەو پێش هەڵبگرێت. بوون بە هێزی شوێندانەر و کاریگەر، دوژمن ناچار بە پاشەکشە لە هەڵوێست و کار و کردەوەی پێشووی دەکات و لە کۆتاییدا هیچ ڕێگایەکی بۆ نامێنێت جگە لەوەی کە بە واقعییەتی مەوجوود ئێعتڕاف بکات و مل بۆ داواکانی خەڵک کەج بکات، جا ئەو دوژمنە چ کۆماری ئیسلامی بێت یان هەر سیستەمێکی دەسەڵاتدار و نیزامێکی حکوومەتی دیکە کە پاش کۆماری ئیسلامی بێتە سەر کار.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.