کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی دابینکردنی سەبەدی بژێوی ژیان لە ئێراندا، ١٠١ لەسەد گەرانتر بووە

14:18 - 18 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: تێچووی دابینکردنی سەبەدی بژێوی ژیان لە ئیراندا، لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧ی هەتاوی تا مانگی گەڵاوێژی ساڵی ٩٨ زیاتر لە ١٠١ لەسەد بەرز بووتەوە و لە ٣ میلیۆن و ٧٥٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووتە ٧میلیۆن و ٥٨٠ هەزار تمەن.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراو لە هەواڵدەریی "ئیلنا"دا، لە دانیشتنی شۆرای باڵای کاردا، ''فەرامەرز تەوفیقی'' بەرپرسی کۆمیتەی حەقدەستی کانوونی باڵای شۆرای ئیسلامیی کار هۆشداریی داوە و وتوویەتی: "کە تا درەنگ نەبووە دەبێ ڕێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە؛ حەقدەستی کرێکاران پێویستی بە چاکسازی هەیە."

بەپێی ئەم سەرچاوەیە، لەم دانیشتنەدا، پرسی سەبەدی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان، بە حسێبکردنی ٣.٣ ئەندام بۆ هەر بنەماڵەیەک تاوتوێ کراوە.  بەم پێیە سەبەدی بژێوی ژیانی حسێبکراو لە مانگی ڕەشەممەدا ٣ میلیۆن و ٧٥٠ هەزار تمەن بووە و لە مانگی گەڵاوێژدا گەیشتووەتە ٣ میلیۆن ٥٨٠ هەزار تمەن، کە لە ڕاستیدا لە   ٥مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەمی تێچووەکانی ژیانی کرێکاران ٣ میلیۆن و ٨٢٦ هەزار تمەن زیاتر بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕیژیم پێشتر باسی لەوە کردبوو کە ٩٠ لەسەدی کرێکاران توانایی کڕینیان نەماوە، تەنانەت موعجزەش ناتوانێت لە مانگەکانی داهاتوودا ئەم قەیرانە چارەسەر بکات.