کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بەرز بووەتەوە

10:31 - 29 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بوودجەی نیزامیی وڵاتانی دنیا لە ساڵی ٢٠١٨دا پەرەی سەندووە؛ لەم نێوانەدا وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانایە کە تێچووی نیزامییەکەی پەرەی سەندووە و لە وڵاتانی کانادا و ئیسرائیلیش پێش کەوتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای "IHS مارکێت"، کە لە هەواڵدەریی فەڕانسەدا بڵاو کراوەتەوە، بوودجەی نیزامیی وڵاتانی سەرتاسەری دنیا لە ساڵی ٢٠١٨ به بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵی ڕابردوودا، به شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە .

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: کە ئێران لە بواری تێچووی نیزامییەوە، وە پێش وڵاتانی کانادا و ئیسرائیل کەوتووە و به تێچووی ١٧ میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن دۆلارەوە ١٥هەمین وڵاتی دنیایە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، که پێشتر لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزدا، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، له چوارەمین کۆنگرەی سەرتاسەریی "ندای ایرانیانـ"ـدا، ڕایگەیاندبوو: که بەگشتی بوودجەی نیزامیی ئێران کەمتر لە ١٦ میلیارد دۆلارە.

هەر لەم پێوەندییەدا،  دامەزراوەی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم، باسی لە زۆربوونەوەی ڕێژەی فرۆشی ئامرازەکانی شەڕ لە جیهاندا کردووە.

ئەم دامەزراوەیە، هۆکاری سەرەکیی ئەم زۆربوونەی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەرتش و پێداویستییەکانی بەرگری لە هەندێ وڵاتدا دەگەڕینێتەوە، بەڵام هۆکارێکی دیکەشی زۆربوونەوەی تێکەڵچوون و ناکۆکیی نێوان هەندێ لە وڵاتانی دنیایە، کە لە ئاکامدا پێویستیی به ئامرازەکانی شەڕیش زیاد دەکات.

زۆربوونەوەی ڕێژەی فرۆشی ئامرازەکانی شەڕ لە جیهاندا، دەتوانێ ئاماژەیەک بێت بۆ چوونەسەرەوەی کێشە و ململانێی نێوان وڵاتانی دنیا و بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکان کە تەنیا ماڵوێرانی و لەنێوچوونی خەڵکی بێدەسەڵاتی بەدواوە دەبێت.