کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی نەخۆشخانەکان بەرزتر دەبێتەوە

13:12 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گەڵاڵەیەکدا دەیەوێت نرخی تێچووی پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا بباتە سەرەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە گەڵاڵەیەکدا بڕیاریان داوە کە نرخی تێچووە پزیشکییەکان ٧٠ لەسەد بەرز ببێتەوە، بە هەمان شێوە نرخی دەوا و دەرمانیش لە ئێراندا گرانتر بووە.

بڕیاری گرانتربوونی تێچووی پزیشکی لە ئێراندا لە کاتێکدایە، کە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران ناتوانن تێچووی پزیشكیی خۆیان دابین بکەن.

پێشتریش "سەعید نمەکی''، وەزیری بێهداشتی ڕیژیمی ئێران، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردبوو،  بە هۆی ئەوەی کە ساڵی داهاتوو، واتا ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ساڵێكی سەخت و دژوار دەبێت نرخی دەوا و دەرمان لە ساڵی داهاتوودا ١٥ لەسەد گران دەبێت.

بە هۆی گەمارۆوە نێودەوڵەتییەكانی سەر رێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە ناتوانێت دەوا و دەرمان دابین بکات.

هاوکات ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڕیاریان داوە، کە نرخی دەوا و دەرمان ١٥ لەسەد گران بێت، بەڵام هۆشداریان داوە کە بەشێکی زۆری دەوا و دەرمان لە ئێرانەوە قاچاخ دەکرێت.

لە ئێراندا هاووڵاتییان بەپێچەوانەی وڵاتانی دیكە، نزیک بە ٧٠ لەسەدی تێچووی دەرمانەكان بۆ خۆیان دابینی دەكەن و ئەوەش بووەتە کێشەیەکی زۆر جیدی بۆ خەڵکی ئێران.