کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووەکانی مردنیش لە ئێراندا، لەڕادەبەدەر گرانە

18:30 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: گرانی لە ئێراندا، نەتەنیا ژیانی خەڵکی دژوارتر کردووە، بەڵکوو ئێستا تێچووەکانی دوای مردنیش بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر گران بووە.

خراپیی دۆخی ئابووری لە ئێستای ئێراندا، هەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە و خەڵک بە دژواری دەتوانن نانی شەویان پەیدا بکەن. ئەم  قەیرانە ئابوورییە بە شێوەیەک تەشەنەی کردووە کە تێچووەکانی مرۆڤێکیشی دوای مردنی بەرز کردووەتەوە.

لە ئەمڕۆدا ئەگەر کەسێک بمرێت، بە بڕی ٩٢ هەزار تمەن دەشۆردرێت، نرخی کفنەکەی ٣٨ هەزار تمەنە، خزمەتگوزارییە دەفتەرییەکەی بە ٢٣ هەزار تمەن، کرێی ساردخانە ٢٢ هەزار تمەن، پێداویستییەکانی شۆردنی بە ٥٧ هەزار تمەن، نرخی گۆڕ ٤٥٠ هەزار تمەن، کرێی هەڵگرتنی، ٩٢ هەزار تمەن و بە لانیکەمی کۆی گشتیی تێچووەکانی گۆڕستان، ٧٧٥ هەزار تمەن دەبێت. ئەڵبەت لە هەندێک شوێنی تری ئێراندا، نرخەکان دەگاتە چەندین ملیۆن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێچووە بەرزانە، خەڵک لە ئێراندا، ناتوانن تەنانەت بە خەیاڵێکی ئاسوودەشەوە بمرن. 

لە دوای وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، گرانییەکی لەڕادەبەدەر باڵی بەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکدا کێشاوە و هێڵی هەژاریی بۆ نزیکی ٨٠ لەسەد بەرزبووەتەوە.

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی بەردەوام باس لەوە دەکەن کە گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی خەڵک دانەناوە. لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێژیم سەرجەم خزمەتگوزاری و  داهات و سامانی وڵاتی ئێرانی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری تێرۆریزم لە ناوچەکە و پێگەیاندنی خزمەتگوزاری بە وڵاتانی دیکە، خەرج دەکات.