کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدان و دەسبەسەرداگرتنی ژینگە لە مەریوان بەردەوامە

12:17 - 12 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: تێکدان و دەسبەسەرداگەرتنی سروشت و ژینگەی کوردستان لەلایەن کەسانی بەرژەوەندیخواز و بێدەنگیی بەرپرسانی سەرچاوە سروشتییەکان مەترسییەکی گەورەی دروست کردووە.

جیا لەوەی کە ڕێژیم هیچ بایەخێک بە ژینگە لە ئێراندا و بەتایبەت ژینگەی کوردستان نادات، کەسانی بەرژەوەندیخواز لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەستیان کردووە بە کاولکاریی ژینگە و بە تاڵانبردنی دارستانەکانی کوردستان و بۆ ناوچەکانی تری دەرەوەی کوردستانی دەگوازنەوە.

بەرژەوندیخوازان و مۆرە و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ تاڵان و کاولکاریی دارستانەکانی زاگرۆس لە مەریوان، بە بیانووی جۆراجۆر، زیاتر لە سەدان و هەزاران دۆنم لە دارستان، لەوەڕگە و لێڕەواری زاگرۆس و ژینگەی کوردستانیان کاول و وێران کردووە.

وێڕای ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی لەلایەن ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پێشگرتن بەو کاولکارییانە لەلایەن ڕێژیمەوە هەڵنەگیراوە.

پێشتریش ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان سەرەڕای دەربرینی بێزاری لە تێکدەران، بە بیانووی بازرگانی، باخ و خەڵووزسازکردن، نیگەرانیی خۆی بەتوندی ڕاگەیاندبوو و پێشتریش بە سەردانکردنی زۆربەی گوندەکان، خەڵکیان لە مەترسییەکانی لەنێوچوونی ژینگە و گرینگیی پارستنی ژینگە ئاگادار کردبووەوە.