کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوون لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەیان برینداری لێکەوتەوە

13:13 - 19 بانەمەڕ 2721

هاوکات لەگەڵ تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕ، لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیل و خۆپیشاندەرانی فەلەستینی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم/ بەیتولموقەدەس، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خوازیاری ڕاوەستانی توندوتیژییەکان لەو شارەدا بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، دەیان فەلەستینی ڕۆژی شەممە لە ڕەوتی تێکهەڵچوونەکاندا لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل بریندار بوونە.

کۆمەڵگای مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاندووە کە لە تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی شەممەدا ٩٠ کەس و لە تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی هەینیشدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس بریندار بوونە.

پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە گەڕەکی "شێخ جەڕاح" خۆپیشاندەران بە بەرد هێرشیان بۆ هێزە ئەمنییەتییەکان بردووە کە لە کۆتاییدا هێزە ئەمنییەتییەکان بڵاوەیان پێ کردوون.

گەڕەکی "شێخ جەڕاح" لە حەوتووەکانی ڕابردوودا، شایەتی ناڕەزایەتیی فەلەستینییەکان بەرانبەر بە بڕیاری ئیسرائیل بۆ دەرکردنی ژمارەیەک لە دانیشتووانی فەلەستینی بووە.