کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم و خەڵکی گوندێکی ئەهواز چەندین برینداری لێکەوتەوە

12:21 - 6 خەرمانان 2720

بونیادی ''موستەزعەفانـ''ـی ڕێژیمی ئێران کە خۆی بە خاوەنی گوندی ''ئەبولفەزلـ''ـی ئەهواز دەزانێت، هەوڵی داوە کە خەڵکی ئەو گوندە دەر بکات و زەوییەکانی خەڵک داگیر بکات.

ئەم کردەوەیەی بونیادی ''موستەزعەفان'' ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتەوە و لەنێوان هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خەڵکی گوندی ''ئەبولفەزلـ''ـی ئەهواز تێکەڵچوون ڕوویدا و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو گوندەیە بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەم تێکەڵچوونە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە کاتێکدا ڕوویدا کە هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی دادستانی وێڕای هێزەکانی یەگانی تایبەت بۆ ڕووخاندنی خانووی خەڵک چووبوونە گوندی ''ئەبولفەزل''؛ هێزەکانی ڕێژیم کاتێک لەگەڵ بەرگری و کاردانەوەی خەڵکی ئەم گوندە بەرەوڕوو بوونەوە، تەقەیان لە خەڵک کردووە.

لەم تێکهەڵچوونەدا ژمارەیەک لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی یەگانی تایبەت بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کراوە و بریندار بوونە و ژمارەیەکیش دەسبەسەر کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز باسی لەوە کردووە کە خەڵکی ئەو گوندە لە بەرامبەر بونیادی ''موستەزعەفان'' کە ئیدعای خاوەنداریەتیی زەوییەکانی ئەو گوندە دەکات، ناڕزایەتییان دەربڕی و خۆڕاگرییان کرد.

ڕۆژنامەی ''شەرق'' بڵاوی کردووەتەوە دانیشتووانی گوندی ''ئەبولفەزل'' بەڵگەیان لەبەر دەستدایە کە نیشان دەدات خەڵکی ئەو گوندەیە ماوەی ٤٠ ساڵە لەو شوێنە ژیان دەکەن، بەڵام بونیادی ''موستەزعەفان'' خۆی بە خاوەن زەوییەکانی ئەوان دەزانێت و لە خزمەتگوزاری بەو گوندە ڕێگری دەکات.

بونیادی ''موستەزعەفانـ''ـی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەکێک لە گەورەترین دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێرانە و ''عەلی خامنەیی'' بەرپرسی ئەو دامەزراوەیە دەستنیشان دەکات و هەتا ئێستا دەستی بەسەر زۆرێک مڵک و ماڵی خەڵک و سەرچاوەکانی ئێراندا گرتووە.