ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی و سەردانی گڵکۆی شەهیدان، پەیمانیان لەگەڵ گیانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان نوێ دەکردەوە کە ئاڵای خەباتی ئەوان تا سەرکەوتن بەرز و شەکاوە ڕابگرن.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکانی هەمیشە دێموکرات بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی و سەردانی گڵکۆی شەهیدان و دانانی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی ئەو ڕۆژەیان بەرز نرخاند و پەیمانیان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی لە بۆکان چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''گۆڕستانی شەهیدان لە غەوساباد و ناوچەی چۆمی مەجیدخان، ناوچەی تورجان گڵکۆی شەهیدان، کێوە ڕەش، پارکی ساحلی، کوسته، عشایر، شەقامی وەرزش، پارکی میللەت، ئازادگان، عەلی ئاباد، پارکی ئەندیشه، شەقامی ئاموزش پەروەرش، تاریکه بازاڕ، شەقامی ئەسکەندەری".
لە ورمێی حەماسە و خۆڕاگری، لە ناوچەی ''دزە دۆڵ'' لە گوندەکانی ''سامورته، کەنعان، نەناس، شەیتانئاوا و دزه'' قارەمانانی دێموکرات بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی ڕۆژی شەهیدانی کوردستانیان بەرز ڕاگرت و سڵاوی گەرمی خۆیان ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و وەک باسکی بەهێزی گەل کرد.
لە سنەی خۆێناوی و شۆڕشدا، ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە بە ڕۆژی ڕووناک بەشێوەیەکی بەربڵاو لەنێو شاری سنە تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانیان بڵاو کردووەتەوە و بە دۆژمنانی گەلی کوردیان سەلماند کە خوێنی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەل بەفیڕۆ ناڕوات و ڕێبازیان هەروا درێژەی هەیە و شەهید تاجی خوێناویی ژیانە.
ئەو شوێنانەی کە لە سنە چالاکیی تێدا کراوە بریتین لە ''سێڕێیانی جەهاد، مەیدانی نەبوەت، چواڕێیانی عەباس ئاوا، شەقامی نزیک چواڕێیانی عەباس ئاوا، شەقامی یازدە میتری، کانی کوزەڵە، خسرەوئاوا، ئاویەر، مەیدانی ئەمین بەرانبەر زیدانی سنە".
لە بانەی ئارباباوە، قارەمانی دێموکرات لە دەشتی سوورێن، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی هێزی پێشمەرگە و بە نووسینی ''باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژەپێدانی ڕێگایانە'' ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز نرخاند.
لە کرماشانی تاقوەسانەوە، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە بلواری ''تاقوەسان'' ڕۆژی شەهیدانی کوردستانیان بەرز نرخاند و بەو بۆنەوە چالاکیی تەبلێغییان ئەنجام دا و ٧٥مین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا ''قازی محەممەد''یان بەرز ڕاگرت.