کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرانی دێموکرات لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بەردەوامن

12:38 - 22 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان و سەردەشت، بە نووسینی دروشم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە، بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی جۆزەردان، ھەڵۆوەکانی دێموکرات بە ھەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها بڵاوکردنەوەی پووستێر، تراکت و لۆگۆی حیزبی دێموکرات و هەروەها لۆگۆی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە  شامیانی سەربە سەوڵاوای مەریوان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

شایانی باسە، کە هەڵۆوەکانی دێموکرات ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لە ٦٠٠ مێتری پایەگایەکدا هەڵ کردووە، کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژیم خەریکی ئاوەدانکردنەوەی ئەو پایەگایە بووە، هەڵۆوەکانی دێموکرات ئەم پایەگایەی ڕیژیمەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە، تاکوو بوونی پێشمەرگەی شار لە نێوخۆدا بە ڕێژیمی ئێران نیشان بدەن.

ئەو شوێن و گوندانەی کە چالاکییان تێدا بەڕێوە چووە، بریتین: گوندەکانی نسڵ و گۆشخانی، جاددەی سەرەکیی ئەو دوو گوندە و باخەکان و هەوارگەکانیان،  پۆلەوەزان، میامەران، دێکۆن،  سەرمەرەز، سەنگەری سەی عەتا ، کانی موشتەرەک، خەلیفە فەرەج،  ھەوارە بەرزەکانی حەفسۆڵان، پانا چەرموو، خوێرزیە، ھەڕیە ڕەشە .

هاوکات تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی مەراغانی ناوچەی سەردەشت، بە نووسینی دروشمەکانی  "بژی حدکا"، "سەرکەوێ ڕاسان" و "بژی حدکا"، بۆ پشتیوانیی لە خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات و هەروەها حیزبی دێموکرات، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.