کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرانی دێموکرات لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا پەیمان نوێ دەکەنەوە

17:48 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات، لە شارەکانی کوردستان، لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان ـ ٧٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانداـ به بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا پەیمان نوێ دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات، له شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و هەروەها لە میرئاوای بۆکان، به بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

ئەندامان و لایەنگرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، لە شوێنەکانی وەک: سنجا‌ئاوا، فەرهەنگیان، موکریان، شەهرەکی کارمەندان، بەهارستان، دۆڵی کەروێشکە، تەپی قازی و سارم بەگ و هەروەها دەوروبەری زانکۆی ئازاد، تراکت و پۆستێری تایبەت به ٢ی ڕێبەندانیان بڵاو کردووەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشمەرگەکانی شار لە شاری بۆکان، لە میرئاوا، دەوروبەری سەیرانگای کێوەڕەش، دەوروبەری زانکۆی عیلمی کاربردی و ئاگرکوژێنەوەی میرئاوا، دەوروبەری پردی تازە هەتا پارکی ساحلی و کۆڵانەکانی دەوروبەری وێستگەی بەساڵاچووان و کۆڵانەکانی ئەبوزەر، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ڕێزیان لە ئازایەتی و قارەمانەتی و بوێری پێشەوای نەمر، لە ٢ی ڕێبەندانی ۱۳۲٤دا گرت، کە بووەتە هەوێنی خەبات بۆ ئێستا و داهاتوو و هەروەها بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان.

تێکۆشەرانی دێموکرات هەروەها لە شاری پیرانشاریش، به بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی ڕێزیان لە ٧٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری پڕشکۆی کوردستان گرت.