کوردستان میدیا: پۆلێک لە قارەمانانی دێموکرات بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان لە ساڵوەگەری شەهیدی فەرماندە "ئیبراهیم شێخاڵی"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕۆژی شەهیدکرانی شەهیدی فەرماندە "ئیبراهیم شێخاڵی"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە ڕۆژی شەهیدکرانی فەرماندەی بلیمەتی حیزبی دێموکرات، لە شارەدێی "پەسوێ" زیدی لەدایکبوونی شەهید ئیبراهیم شێخاڵی وێنەی تایبەتیان بڵاو کردووەتەوە، هەروەها به نووسینی دروشم لە زۆربەی شەقام و کۆڵانەکان، شوێنە تایبەتەکانی وەک قوتابخانە، ساڵۆنی وەرزشی و مزگەوتەکان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.
هەروەها لەو چالاکییانەدا، قارەمانی دێموکرات، ئاڵای ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئێرانیان لە قوتابخانە هێناوەتە خوارەوە.
شەهید "ئیبراهیم شێخاڵی" خەڵکی شارەدێی پەسوێ و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شەهید "نەحۆ" و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتە شارستانی ئورمیە بوو. ئەو فەرماندە قارەمانە، له ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە دەوروبەری گوندێ "جێرمێ"ی ناوچەی تەرگەوەڕ، لە شەڕ دژی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئێراندا شەهید بوو.
تەرمی شەهیدی فەرماندە بە هۆی بارودۆخی تایبەت لە کاتی شەهیدبوونیدا، لە شوێنێکی تایبەت و لە ناوچەیەکی شاخاوی بە خاک ئەسپێردرا.