کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ چەندەمین جار لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە چەندین شار و گوندی کوردستان بە ئەنجامدانی چالاکی بەرینی تەبلیغی بەرەو پیری ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان چوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەردەشت شەوی ٢٨ی بەفرانبار تراکتی تایبەت بەم بۆنەیان بڵاو کردەوە کە درووشمەکانی سەر ئەم تراکتانە بریتی بوون لە: سڵاو لە ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان، سڵاو لە حدکا و خەباتی ڕاسان میراتگر و درێژەدەری ڕێبازی پیشەوا، 2ی ڕێبەندان ناسنامەی یەکەم حکومەتی کوردییە لە ڕۆژهەڵات، سڵاو لە حدکا و خەباتی ڕاسان؛ دواتر بەم درووشم و تراکتانە و هەروەها جامانە گۆڕی شەهید مەلا ئاوارەیان ڕازاندەوە و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە.
هاوکات ئه ندامانى حيزب له شاری بۆكان به بڵاوكردنەوەی تراكت و سى دى و نووسينى درووشمی تایبەت چالاكى تەبليغیيان بەڕێوە برد؛ ئەو شوێنانەی کە چالاکی تێدا کراوە بریتین لە: بلوارى كوردستان و بلوارى مامۆستا هەژار، كۆڵانەكانى كوڵتەپه، شەقامى عەشاير و دانشگاى ئازاد وتابلۆى گوندەكانى جادەى بورهان و جادەی شەرەفكەند تا گوندى كانى رەش و نێو گوندی کانیڕەش، میراوا، کۆڵانەکانی قەندیل، شەقامی نەجاڕی، بێهداشتی میراوا، مزگەوتی جامیعە، کۆڵانەکانی ئاگرین، شەقامی دانشسەرا.
تێکۆشەرانی گەل لە گوندی سیسێریش بە نووسینی درووشمی "پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆمار" ڕێزیان لەم ڕۆژە مێژووییە گرت.
لە شاری بانە و لە گەڕەکەکانی تەپەسۆغانان، سداوسیما، گەڕەکی سلێمانبەگ، گەڕەکی مەولەوی، گەڕەکی ئەحمەداوا، خیابانی انقلاب وکوی فەرھەنگیان وێڕای تراکتە پێوەندیدارەکان ، گووڵ و نوقڵ و شیرینیش لەلایەن ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات بڵاو کرایەوە.
لە سنەی قارەمانپەروەر، تراکت و پوستێری تایبەت بەم بۆنە بڵاو کرانەوە کە درووشمەکانی بریتی بوون لە: ٢ی ڕێبەندان ڕەمزە بۆ خەباتی بێوچان، بەرز و پیرۆز بێ ڕۆژی کۆماری کوردستان، ٢ی ڕێبەندان یەکەم ترووسکەی هیوای کوردە.
شەوی هەینی، دۆستانی بە ئەمەگی حیزب لەم شوێنانەی شاری پێشەوا چالاکییان بەڕێوە برد: بەری شیلانان، شایەگان، شەقامی پەرستار، شەقامی سداوسیما، مەیدانچەی حەسەن زاده، شەقامی مەزاری پێشەوا، مەجبورئاوا، فەجر، تەپەی قازی، شەقامی زانکۆی پەیامی نور، شەقامی محەممەد هەوراز، موکریان، ورودی تاقەدار، سێڕای هەمزاوا.
لە ئاوایی "نێ"ی هەمیشە دێموکرات لاوان و قوتابیانی پێشەوا بە بڵاوکردنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و چەندین سروودی شۆرشگێڕانەی دیکە شایی و خۆشییان خستە نێو دڵی دانیشتووانی ئەم ئاواییە.
هەروەها لە شارۆچکەی دزەی مەڕگەوەری ورمێ پێشمەرگەکانی شار بە زمانەکانی فارسی و کوردی درووشمی پێوەندیداریان لە دیوارەکانی ئەم ناوچە نووسییەوە و شارۆچکەی دزەیان ڕازاندەوە. بەشێک لەم درووشمانە بریتین لە: پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، سڵاو لە حیزبی دێموکرات، کۆماری دێموکراتیکی کوردستان وێنای ئاسۆی ئازادییە لە دوارۆژی کوردستان، بژی پێشمەرگە، کۆماری کوردستان نوێنگەی ئاشتیخوازی گەلی کوردە، کۆماری کوردستان مەکتەبی شۆڕشگێڕییە بۆ نەسڵی ئەمڕۆ و سبەی.