کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکرات لە بانە کۆچی دوایی کرد

17:58 - 8 سەرماوەز 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز، میرزا ''ئەحمەد ئەحمەدی'' تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی ''زەرواوی خواروو'' سەر بە شاری بانە لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

میرزا ''ئەحمەد ئەحمەدی'' پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و بەهۆی پێگەی دیاری کۆمەڵایەتی و هوشیاری و تواناکانی زۆر زوو جێگای خۆی کردەوە و لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وەکوو کادری دادوەری و کۆمەڵایەتی دیاری کرا.

ناوبراو بەوپەڕی تواناوە هەتا ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کرد، هەر بۆیەش بنەماڵەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کەوتەبەر ئازار و گیران و ئەشکەنجەوە.

میرزا ''ئەحمەد'' لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە هۆکاری تایبەت و لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات بۆ نێوخۆی وڵات گەڕایەوە.

ناوبراو کەسایەتییەکی دیار و نیشتمانپەروەری ناوچەی بانە بوو و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازە پیرۆزەکەی وەفادار مایەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بوێرانە داکۆکیی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و مافی ڕەوای گەلەکەی دەکرد.

هەروەها کوڕێکی میرزا ''ئەحمەد'' بە ناوی کاک ''عوسمان ئەحمەدی'' ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە چەندین جار لەلایەن رێژێمەوە گیرا و ئەشکەنجە درا و بەهۆی نەخۆشییەکەوە کۆچی دوایی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.