ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی کاک "کەریم مەهدی" ناسراو بە مامۆستا "مەلا کەریم"، تێکۆشەرێکی دێرین خەڵکی گوندی "شیپانەجۆ" سەر بە ناوچەی "سەرشیو"ی، "سەقز" ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا "مەلا کەریم" لە بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناوی ناوچەی "سەرشیو"ی "سەقز" لە دایک بووە.
ناوبراو هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی تێکەڵ بە شۆڕشگێڕانی حیزبی دێموکراتەوە بوون و چەکی بەرگری بۆ ئازادی کوردستان و ئەستاندنی مافی ڕەوای گەلی کورد لە شان کرد.
بنەماڵەی مامۆستا خاوەنی ٧ شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستانن و لەو نێوانەدا ٣ برای لە ڕێبازی حیزبدا بە ناوەکانی "سادق ئەحمەدی، ساڵح ئەحمەدی و سەعید مەهدی"، هەروەها ئامۆزایەکی بەناوی "محەممەد مەهدی" شەهید بوونه.
مامۆستا مەلا "کەریم" بۆ ماوەی چەند ساڵ کە چەکی بەرگریی لە خاک و نیشتمانی کردە شان بریندار بوو.
دواتر بە ئاگاداریی و لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆ و لە گوندی "شیپانەجۆ" وەک مامۆستایەکی دەروەستی ئایینی خزمەتی بە خەڵکی ناوچەکە کرد.
ناوبراو کەسێکی خۆشناو بوو و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان مایەوە و لە هەر دەرفەتێک بۆ تێگەیاندنی خەڵک و دژایەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەڵکی وەردەگرت. کە لەم پێناوەشدا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرا.
تەرمی مامۆستا "مەلا کەریم" لە زێدەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.