کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە گوندی "قۆڵغەتەپە"ی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:52 - 20 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی مام "عەبدوڵڵا مام ئەحمەدی" ناسراو بە "عەبدوڵڵا زەنگەنە" لە گوندی "قۆڵغەتەپە"ی سەر بە شاری بۆکان بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو برای تێکۆشەری ناسراوی حیزب "مەلا مەحموود زەنگەنە" لە شۆڕشی ٤٦ـ٤٧دا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە  و مامی شەهید "محەممەد زەنگەنە" بووە.

کاک عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە گەرمەی جووڵانەوەی ئەو ساڵانەدا بووەتە ئەندامی حیزب و هاوکاریی مەلا مەحموود و باقی تێکۆشەرانی دیکەی کردووە.

بەهۆی چالاکییەکانی لەلایەن "ساواکـ"ـەوە بۆ ماوەیەک دەسبەسەر دەکرێت بەڵام سەرەڕای ئەشکەنجە و زیندانی لە خەبات سارد نابێتەوە و لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و وەک کادری کۆمیتەی "سارم و میرقاز"ی کۆمیتە شارستانی مەهاباد بە باشترین شێوە ئەرکی خۆی بو بەرگری لە ناوچەکە بەجێ گەیاندووە.

مام عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بەهۆی چوونەسەری تەمەن لەسەر ئیجازەی حیزب وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و وەک ئەندامی نهێنی حیزب لە نێوخۆی وڵات درێژەی بە خەبات دا.

ساڵی ١٣٦٥بەهۆی چالاکی و هاوکاریکردنی پێشمەرگە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ساڵێک خرایە زیندان.

مام عەبدوڵڵا لە نزیکەوە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ شەهیدان سەید "سەلام عەزیزی، خدرە سوور، عەبدوڵڵا شەریفی و حەسەن مەحموودی" هەبووە و هەمیشە لەنێو خەڵکدا ڕێز و حورمەتی تایبەتی لێ گیراوە.

 کۆچکردوو تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ئامانجەکانی حیزب مایەوە و پەیوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی دێموکرات نەپساند.

"مەلا مەحموود زەنگەنە" لە گوندی "قۆڵغەتەپە"ی مەهاباد لە دایک بووە. ناوبراو کادرێکی بەوەجی حیزب و کەسێکی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی ناوچەی مەهاباد و بۆکان بووە و ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاری لە شۆڕشی ساڵانی ٤٦ـ٤٧دا گێڕاوە.

تەرمی مام عەبدوڵڵا لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خەڵکی ناوچەکە بە گشتی و بنەماڵەی "زەنگەنە" بە تایبەتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.