کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:28 - 6 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی "محەممەد ئەمین جەهانگیری" کوڕی "مام سەعید" خەڵکی گوندی "داشبەند"ی سەر بە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"محەممەد ئەمین جەهانگیری"  ١٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی "داشبەند" لەدایک بووە.

 لە دەسپێکی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بووەتە پێشمەرگە و لە شەڕی سێ مانگەدا چالاکانە بەشداربووە و لە گرتنەوەی شاری بۆکاندا، ڕۆڵی سەرەکیی گێڕابوو.

لە ساڵی ١٣٦٠ تا ١٣٦٥ی هەتاوی، کادری کۆمیتەی ناوچەی "ئەحمەدی کۆر" بووە.

 ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی  لەلایەن دەستەی "زەربەتـ"ـی حەمامیانەوە لە گوندی "ئەسپۆغە" کە بە ئەرکی کۆمیتەی حیزب ڕووی لەو ناوچەیە کردبوو، دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرابوو.

ناوبراو ماوەیەکی زۆر لە زیندانەکانی بۆکان و ورمێ لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دەبێت و پاش ڕزگاربوونی لە زیندان دەچێتەوە گوندی خۆیان و تا کۆتایی ژیانی لە پەیوەندی لەگەڵ حیزب بەردەوام  دەبێ.

 ناوبراو سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری ڕێژیم هیچکات سەری بۆ داوای هێزەکانی ڕێژیم دانەنواند.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.