کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:11 - 6 رەشەمه 2719

پێشمەرگەیەکی دەروەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش نێزیک بە ٣ دەیە خەبات و تێکۆشانی بێ پسانەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و سەنگەری خەباتی بۆ هاوخەباتانی بەجێهێشت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ڕەشەمە، هاوڕێی تێکۆشەر، کاک "حوسێن ستەمدیدە"، پێشمەرگەی دەروەست و دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، سەرەنجام کۆچی دوایی کرد.

هاوڕێی شەهید، "حوسێن ستەمدیدە"، کوڕی عەلی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٣ لە شاری سەقز بوو.

ناوبراو پلەکانی خوێندنی تا ٢ی دواناوەندی بەسەرکەوتووییەوە تەواو کرد و پاش هەست کردن بە زوڵم و زۆری داگیرکەر و بینینی چەوساوەیی گەلەکەی لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا پەیوەست بە ڕیزەکانی خەباتی پێشمەرگانە لە حیزبی دێموکراتدا بوو و چەکی بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی لە شان کرد.

"کاک حوسێن"، لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شانازی پێشمەرگانەیدا کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسایەتیی گرینگی وە ئەستۆ گرت و بە باشترین شێوە ئەرکەکانی ڕاپەڕاند. 

ئەو ئەرک و کارانەی کە "هاوڕێ حوسێن"، بە شانازییەوە تێیپەڕاند بریتی بوون لە: ساڵی ٧٤ تا ٧٦ ی هەتاوی وەک پێشمەرگە لە مەڵبەندی ٢ کاری کردووە؛ ساڵی ٧٦ لەسەر داوای کۆمیسیۆنی ماڵی وەک شۆفێر کاری پێ ئەسپێردراوە و تا پاییزی ٧٧ لەوێ کاری کردووە؛ ساڵی ٧٧ وەک شۆفێری کۆمیسیۆنی ڕادیۆ کاری کردووە؛ بەهاری ٧٩ وەک مەئموورییەتی خەدەمات بۆ ماوەی ٦ مانگ چووەتە نەخۆشخانەی حیزب؛ زستانی ٧٧ دەورەی سەرەتایی سیاسی بینیوە؛ زستانی ٧٩ لە ناوەندی ١ کاروباری پێئەسپێردراوی ڕاپەڕاندووە؛ ساڵی ٨٠ وەک جێگری دەستە دیاری کراوە و تا بەهاری ساڵی ٨١ لەم ئەرکەیدا بەردەوام بووە؛ بەهاری ٨١ لە سەر داوای کۆمیسیۆنی ڕادیۆ نەقڵی ئەوێ کراوەتەوە.

"کاک حوسێن"، هاوینی ساڵی ٨١ پلەی تەشکیلاتیی دەرەجە ٤ی پێدراوە و تا ئەو چرکەیەی کە گیانی لەدەست دا وەک پێشمەرگەیەکی دەروەست و دڵسۆز و کادرێکی لێوەشاوەی حیزبی خزمەتی بە گەل و نەتەوەکەی کرد و ڕێبازی شەهیدان و گیانبازان ڕێبازی بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەموو هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.