کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکەڵچوونی نێوان هێزی ئەمنی و خۆپیشاندەران لە عێراق چەندین برینداری لێکەوتەوە

13:04 - 6 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی خۆپیشاندانەکان لە "بەغدا"ی پێتەختی عێراق، لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا شەڕ و تێکەڵچوون ڕوویدا و ٧ برینداری لێکەوتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، خەڵکی بەغدا لە گۆڕەپانی "ئەلتەحریر" خۆپیشاندانیان کرد و لە ئاکامی دژکردەوەی هێزە ئەمنییەکان و کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ، لانیکەم حەوت کەس بریندار بوون.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەو بارەیەوە وتوویەتی: "هەندێک ڕووداوی دڵتەزێن لە گۆڕەپانی خۆپیشاندەران ڕوویداوە و فەرمانمان داوە لەو بارەوە لێکۆڵینەوە بکرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن".

ئەو بەرپرسە نیزامییە وتوویەتی: "لەلایەن هێندێک لایەنەوە کە نایانەوێت عێراق ئارام و سەقامگیر بێت ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدات و هێزە ئەمنییەکان بۆ توندوتیژی ڕادەکێشن".

خۆپیشاندەرانی عێراقی لەهەمبەر دۆخی خراپی بژێویی ژیان، نەبوونی خزمەتگوزاری و کارەبا لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە خۆپیشاندان دەکەن.

وڵاتی عێراق ساڵانێکە بەدەست چەندین کێشە و گرفتی گەورەوە دەناڵێنێت کە تا ئێستا چارەسەر نەکراون و شەڕ و ململانێی زلهێزەکان، بوونی نائارامیی درێژخایەن و دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ئەو وڵاتە، هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ئەو وڵاتەیە.