کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەحریمەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە

10:57 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لە هەوڵێکی دیکەدا دوو کەسی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خستە لیستەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی خۆیەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، دوو کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی، بە ناوەکانی "عەلی خوراشادیزادە و محەممەد قوربانیانـ"ـی خستە لیستەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی خۆیەوە.

ئەو دوو کەسەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە هۆی چالاکیی لە بواری کاروباری دراوی دیجیتاڵی و گۆڕینەوەی دراو بە ڕیاڵ سزا داوە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ٢٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، ئامریکا بە سەر شەش کەس و سێ لایەندا، بە ئامانجی لەنێوبردنی ئەو تۆڕە ئێرانی ـ ڕووسیەییە کە میلیۆنان بەرمیل نەوتیان بۆ ڕێژیمی سووریە دابین کردووە و لە بەرانبەردا پارەیان وەرگرتووە، سزای سەپاندووە.

"ستیوێن منوچێن" وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، لەو بارەوە باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئێران بەردەوامن لە سوودوەرگرتن لە سیستمی پارەی جیهانی.

ئەم سزایانەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا بۆ سەر ئەو کەس و لایەنانە وادەکات دووریان بخاتەوە لە سیستمی پارەی جیهانی و هەموو حەسێبەکانیان سڕ دەکات. هاوکات هۆشداریش دەداتە هەموو ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا دەکەن.